بۆ سبەی دواخرا

ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی هیچ یاسایەك تێپەڕێنێت و دانیشتنی ئەمڕۆی كۆتایی پێهێنا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئەمڕۆی  بۆ سبەی دووشەممە دواخست، دوای ئەوەی نەیتوانی هیچ یاسایەكی كارنامەی ئەمڕۆ تێپەڕێنێت، لە دەرەوەی هۆڵی كۆبوونەوەكەش مشتومڕی نێوان فراكسیۆنەكان هەبوو.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغدا، بە 964ی راگەیاند، پێنج كاتژمێرە سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە كۆبوونەوەدان، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە بدۆزنەوە، كە هێشتا هەڵپەسێردراون.

وتیشی، بەشێك لە سەرۆك فراكسیۆنەكان پێشنیاری خوێندنەوەی هەر مادەیەكی یاسا پێشنیاركراوەكانیان كرد و دەنگدانەكەشی دوابخرێت، تەنیا دوای خوێندنەوەی یاساكان بە هەمان میكانیزم و دواتر دەنگدان بە یەك جار لەسەر سێ پڕۆژەیاسا بدرێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت، بێ متمانەیی لە نێوان نوێنەری پێكهاتەكان لە پەرلەمان هەیە، بۆیە لەسەر پێشنیارەكە رێكنەكەوتن و بڕیاردرا دانیشتنەكە دوابخرێت.

بە پێی راگەیاندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەی لەسەر سەرۆكی فراكسیۆنەكان وتویەتی، “ئەركێكی شەرعی و مرۆڤانەیە دەنگ لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی بدەین بۆ سەرخستنی ستەملێكراوان و وەڵامدانەوەی داواكاری شەقامی عێراقی، كە ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێی ئەم بڕیارە دەكەن.

دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكە لەسەر چەند پڕۆژە و چەند هەموارێكی یاسا بوو، لەوانە یاساكانی لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی موڵك ئەوانەی بە یاساكانی بەعس ستەمیان لێكرابوو، یاسای باری كەسی و هەمواری یاسای فڕۆكەوانیی مەدەنی.

ئەمڕۆ مەشهەدانی سەرۆكایەتی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەن...

ئەمڕۆ مەشهەدانی سەرۆكایەتی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات