ئەو دوو هاوژینەی بەیەکەوە سووتان بەیەکەوەش گیانیان لەدەستدا

+964

فەرمان سادق

ئەو دوو هاوژینەی سێ رۆژ پێش ئێستا لە گوندێکی دەڤەری بامەڕنێ بەهۆی گڕگرتنی سۆپاوە بەیەکەوە سووتان، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بەیەکەوە گیانیان لەدەستدا.

کەمێک پێش ئێستا، بەهۆی سەختی و زۆری سووتانەکەیانەوە دڵشاد رەمەزان و بەهیە جەعفەر لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک گیانیان لەدەستدا.

رووداوەکە سێ رۆژ لەمەوبەر بووە، لە 31ـی کانونی دووەم بووە، بەهۆی گڕگرتنی سۆپای ماڵەکەیان لە گوندی کانیکی دەڤەری بامەڕنێ، دڵشادی تەمەن 35 ساڵ و بەهیەی هاوژینی تەمەن 30 و منداڵە تەمەن هەشت مانگەکەی سووتان.

دوای گواستەنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، دەرکەوتووە کە دڵشاد بە رێژەی 100٪ جەستەی سووتاوە، هاوژینەکەشی سەرووی 90٪ـی جەستەی سووتاوە، هەرچی منداڵە هەشت مانگەکەیە کەمێک سووتاوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی964ـی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دڵشاد رەمەزان گیانی لەدەستداوە، دوای ئەویش بە ماوەیەکی کەم بەهیە جەعفەری هاوژینی گیانی لەدەستداوە، بەڵام باری تەندروستی منداڵەکە جێگیرە.