تایکواندۆی خەبات خەریکە فینیش دەبێت

میدیازان

میدیازان – سەعید محەمەد – هەولێر

قوتابخانەی تایکواندۆی خەبات هەشت ساڵە لە پلەی یەکەمی یانەکانی تایکواندۆی هەرێمی کوردستانە، بەڵام راهێنەرەکەیان دەڵێت، “فریامان نەکەون، یانەکەمان دادەڕمێت”.

 قوتابخانەی تایکواندۆی خەبات سەر بە یانەی وەرزشی خەباتە، لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و نزیکەی ٦٠ یاریزانی هەیە.

 لە ٢٠١٤ەوە هەموو ساڵەکان پلەی یەکەمی هێناوە لە خولی تایکواندۆی یانەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی لەسەر ئاستی عێراقیش حاڵی باشە.

 لە پاڵەوانێتییەکانی عێراقدا، لە ساڵی ٢٠١٦ پلەی سێیەم و لە ٢٠٢٢یش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

 سعود ئەحمەد، راهێنەری قوتابخانەکەی خەباتە بۆ تایکواندۆ، بە میدیازانی وت، لە ئێستادا لە پلەی نایابی عێراقین و “یەکێکین لە باشترین یانەکانی عێراق”.

 هەروەها دەڵێت، “لە ٢٠١٦ تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان یەکەمین، لەسەر ئاستی هەولێریش لە زۆربەی پاڵەوانێتییەکان، ئەوانەی بەشداریمان کردووە، لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠٢٢ توانیومانە پلەی یەکەم بە دەست بهێنین”.

 راهێنەرەکە داوای هاوکاریی بۆ قوتابخانەکەی دەکات و نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی لە بارودۆخێکی خراپدان لە رووی داراییەوە.

 “جگە لە چەند دۆست و کەسایەتی و خێرخوازێکی ناوچەکە، هیچ لایەنێکی حکومی هاوکاریمان ناکات، دەبێت ساڵانە بۆ بەشداریکرنی خولەکان سواڵ بکەین تا تێچووی یاریزان و هاتوچۆ کۆبکەینەوە، بەو شێوەیە بڕوات یانەکەمان دادەڕمێت و لەناودەچێت”، سعود ئەحمەد، راهێنەری قوتابخانەی تایکواندۆی خەبات وای وت.