لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە
رۆژ رۆژی خۆپیشاندانە و کارمەندانی تەندروستیش داوای دامەزراندن دەکەن
964+
دەشتی عارف – هەولێر
رۆژ رۆژی خۆپیشاندانە و کارمەندانی تەندروستی داوا دەکەن بکرێن بە هەمەیشەیی و دابمەزرێندرێن.
ئەمجارە کارمەندانی تەندروستی کە بە گرێبەست و بە کرێی رۆژانە دەستبەکاربوون، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەولێر گردبوونەوە و داوادەکەن ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و ئەوانیش بکات بە کارمەندی هەمیشەیی.
هونەر عەبدوڵا یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “فێڵمان لێکراوە و لەکاتی کۆڕۆنا کە کارمەندی دامەزراو ئامادەنەبوو کاربکات، ئێمە کارمانکرد، ئەوکات پێیان وتین گرێبەستێکتان بۆ دەکەین و دوای سێ ساڵ مافی ئەوەتان دەبێت دابمەزرێن، بەڵام ئێستا هاتوون یاسایەکیان دەرکردووە و بەپێی یاساکە ئەوەی موچەکەی سەر بە وەزارەتی دارایی نەبێت دانامەزرێت”.
ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی و پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە هەولێر، سلێمانی، شارەزوور و دەربەندیخان و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان گردبوونەوە و دژی دواکەوتنی موچە و دانەمەزراندیان ناڕەزاییان دەربڕی.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری