لە 11 مانگدا 950 کەس توشبووە
لە کەرکوک توشبوون بە نەخۆشى سییەکان زیادى کردووە
964+
كاروان ساڵحی- كەركوك
لە کەرکوک توشبوون بە نەخۆشى سییەکان روولە زیادبوونە، بەشێوەیەک لە 11 مانگى رابردووى 2024 دا، 950 کەس تووش بوون.
سێیەم هەفتەی مانگی 11ـى هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی نەخۆشی درێژخایەنی داخستنی سییەكان ناسراوە، ئارام عەلی ئەحمەد سەرپەرشتیاری ئامێرەكانی تاقیكردنەوەی هەناسەدان لە كەركوك بە 964ـی وت،” لە شاری كەركوك ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی توشبون بە نەخۆشی سییەکان لە زیاد بوندایە.
وەک باسى دەکات ئەمساڵ بەراورد بە پار، 150 نەخۆش زیادى کردووە هەرچەندە مانگێکیش لە 2024 ماوە.
“ئەو كەسانەی زیاتر توش دەبن ئەوانەن کە لە شوێنە داخراوەكان كار دەكەن یاخود نزیكن لە كۆمپانیاكانی نەوت و غاز و چیمەنتۆ، یان ئەوانەى توشى کۆرۆنا بوون و ئێستا بە دەستییەوە دەناڵێنن، ئەوانەشى جگەرەو نێرگەلەو ڤەیپ دەکێشن نزیکن لە توشبوون بە نەخۆشى سییەکان”، ئارام عەلى واى وت.
لە ئێستادا فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لە چەند بنكەیەكی تەندروستی، ئامێرێکى تایبەتى بۆ پشكنینی نەخۆشی سییەكان داناوە و هاوڵاتیان دەرمان و تیشك و پشكنینی خوێن لەو سەنتەر و بنکانە ئەنجام دەدرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح