بۆ موچەى مانگەکانى 10 و 11 و 12
شاندێکى وەزارەتى دارایى بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
964+
وریا فەتاح
رێک یەک ساڵى لەمەوبەر و لە 27.11.2023، بەمەبەستى گفتوگۆ لەبارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و چەند پرسێکى گرنگى دیکەوە، شاندى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایی هەرێم بەرەو بەغداد بەڕێکەوت.
وەک ئەوەى ساڵى پار وەزارەتى دارایى بڵاوى کردەوە، سەردانى ئەم شاندە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەبارەى پرسى موچەى سێ مانگى (10 و 11 و 12)ـى فەرمانبەرانى هەرێم و هەموارکردنەوەى یاساى بودجە و پڕۆسەى هەناردەکردنەوەى نەوت و چەند پرسێکى دیکەى تایبەت بە هەولێر و بەغدا.
هەرچەندە ساڵێک بەسەر ئەو هەواڵ و سەردانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەمڕۆ کە 27.11.2024ـە، هەمان کێشە و هەمان گرفت لە نێوان بەغدا و هەرێم ماوە و چارەسەر نەبووە و سێ موچەى مانگەکانى کۆتایى ئەمساڵى فەرمانبەرانى هەرێم بە نادیارى ماوەتەوە.
هەرچەندە وەزارەتى دارایى هەرێم لە 3.11.2024 لیستى موچەى مانگى 10ـى فەرمانبەرانى هەرێم و لە رۆژى 26.11.2024 لیستى موچەى مانگى 11ـى رەوانەى وەزارەتى دارایى عێراق کردووە، بەڵام بەڵام بەغدا تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەکى نەناردووە.