تیمەکانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان _ وێنە: وەزارەتی پلاندانان
ژمارەی رەگەز و خێزانەکانە
شەممە زانیارییە گشتییەکانی سەرژمێری ئاشکرا دەکرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی باڵای راگەیاندن لە سەرژمێری دانیشتووان پشتڕاستی کردەوە، کە سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پلاندانان بەردەوامە لە وەرگرتنی داتا، هەروەک ئامادەکاری دەکرێ ئەنجامە سەرەتاییە گشتییەکان لە ماوەی 48 کاتژمێر دوای وەرگرتنی داتاکان رابگەیەندرێ.
سبەی پێنجشەممە دووەم رۆژ و کۆتایی داتا وەرگرتنی قۆناغی دووەمی کارەکانی پڕۆسەی سەرژمێرییە لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 48 کاتژمێر بەسەر وادەکەدا تێدەپەڕێت و دەبێتە وادەی راگەیاندنی زانیارییە گشتییە سەرەتاییەکان.
ئەندامی لیژنەکە حەیدەر مەجید لە بەیاننامەیەکدا کە تۆڕی 964 بینیویەتی دەڵێت، سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پلاندانان کاردەکات بۆ وەرگرتنی داتا، هەروەها میکانیزمی دەستڕاگەیشتن بە داتاکان لە هەموو پارێزگایەک، قەزا، ناحیە و گوندێکەوە لە سەرتاسەری عێراقەوە چاودێری دەکرێ.
بڕیارە رۆژی شەممە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی تاکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەی خێزان و ژمارەی رەگەزی نێر و مێ بڵاوبکاتەوە بەبێ ناوچە جێناکۆکە کوردستانییەکان، حەیدە مەجید ئاماژەی بەوەکرد، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ژوورێکی تەکنیکی زۆر بەتوانایە لەڕووی بوونی ئامێرەوە بۆ وەرگرتنی داتا و گواستنەوەی، هەروەک ناوەندێکی پەیوەندییان داناوە، زیاتر لە 100 کارمەند لەخۆدەگرێت کە بە درێژای بەرەبەیان تا درەنگانی شەو کاردەکەن بۆ وەرگرتنی پەیوەندیی و سکاڵاکان.