پێنج مانگە فریاکەوتنەکەی دهۆک لە بێ کارمەندی دەرگای داخراوە

+964
هێڤی دێوالی – دهۆك

پێنج مانگە بەشی فریاكەوتنی خێرا لە نەخۆشخانەی دهۆك تەواوبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كارمەندەوە ناكرێتەوە.

ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك بە تۆڕی964ی راگەیاند: پێنج مانگە بەشی فریاكەوتنی خێرای 24 كاتژمێری نەخۆشخانەی دهۆك كراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی كارمەندمان نییە ناتوانین بیكەینەوە.

تۆڕی964 لە زاری بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆکەوە دەزانێت، بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەی گشتی دهۆك پێویستی بە 200 كارمەند هەیە و تا ئێستا هیچ كەسێكی بۆ دانەمەزرێنراوە.

سەگڤان سلێمان، بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی ئازادی كە نەخۆشخانەیەکی گشتییە لە دهۆك بە تۆڕی964ی وت “هیچ پێداویستییەكمان لە نەخۆشخانەكە لە بەشی فریاكەوتنی خێرا نییە و داوامانكردووە پێداویستیەكانمان بۆ دابینبكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێكمان بۆ دابین نەكراوە”.

بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی گشتی دهۆك زیاتر لە پێنج مانگە کارەکانی تەواو بووە و لە توانایدا هەیە پێشوازی لە 100 نەخۆش بكات.