لەلایەن دەزگای مینەوە
نزیکەی 100 پارچە مین و تەقەمەنی لە پێنجوێن لە ناوبران
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
تیمی تەقاندنەوەی دەزگای مینی سلێمانی چوونەتە قەزای پێنجوێن و ئەو مین و پاشماوە جەنگیانەیان لەناوبرد کە تیمی مین هەڵگرتنەوەی پێنجوێن کۆیانکردبووەوە.
بەختیار فەتاح لێپرسراوی تەقاندنەوەی دەزگای مینی سلێمانی بە 964ـی وت، 93 پارچە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی و گوللـە هاوەنی نەتەقیو کۆکراونەتەوە و بە رێکاری تایبەتی تەقێندرانەوە و لە ناوبران.
وتیشی، 53 پارچە مینی جۆری ڤاڵمارا V-69 و 35 پارچەش گولـلە هاوەن و RPG و تۆپ و چەند رومانەیەک بوون.
ئەوەشی خستەروو، لە سنووری قەزای پێنجوێن مینی جۆری ڤاڵمارا V-69 زۆر بەربڵاوە و مینەکەش زۆر کوشندەیە و لەم ساڵدا دوو کەس بەهۆیەوە لە پێنجوێن گیانیان لەدەستداوە.
قەزای پێنجوێن هاوسنووری ئێرانە و لە جەنگی عێراق – ئێراندا چۆڵکراوە و بەشێکی زۆری خاکەکەی و بەرووبەری 58 ملیۆن مەتر دووجا بە مین چێندراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی