لە رۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆدا

لە سێ رووداوی هاتوچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەست دا و 10 کەسیش برینداربوون

964+

شۆڕش قادری

لە رۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆ سێ رووداوی هاتوچۆ روویاندا، دوو کەس گیانیان لەدەست دا و 10 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمشەو یەکشەممە 17.11.2024 لەسەر رێگای هەولێر – کۆیە نزیک بازگەی تۆپزاوا رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس روویدا و بەهۆیەوە شۆفێری تۆیۆتاکە گیانی لەدەستدا.

دلێر عەلی، خزمی ئەو کەسەی گیانی لەدەستدا بە 964ـی وت، “نزیکەی کاتژمێر هەشتی ئەمشەو رووداوەکە روویداوە و ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 39 ساڵ بووە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، کەسەکە بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

کەمێک لەمەوبەریش ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان دەبڵ لە ناحیەی تەکیەی قەزای چەمچەماڵ وەرگەڕا و بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.

پاسێک وەرگەڕا و ژنێک گیانی لەدەستدا

پاسێک وەرگەڕا و ژنێک گیانی لەدەستدا

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی کەسنەزانی هەولێر پاسێکی ناوبازاڕ وەرگەڕا و ژنێکی سەرنشینی پاسەکە گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆ بوو و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێریش لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ رووداوەکانی هاتوچۆ کەمیکردووە، ئەم دوو رووداوەش چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوکراوەکەی هاتوچۆی هەولێر روویدا.

پابەندنەبوونی شوفێران بە یاساو رێنماییەكانی هاتوچۆ، هەڵەشەیی و خێرا لێخوڕین، لێخوڕین لەژێر کاریگەری ماددە کحولیەکان، سەرقاڵی شۆفێران لەکاتی لێخوڕیندا، بەتایبەتی بە بەكارهێنانی مۆبایل و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەکاتی شوفێری کردن و کەمی هۆشیاری گه‌نجان و شۆفێران بە بنەماکانی لێخوڕین، ئه‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كیانه‌ن كه‌ هاتوچۆى هه‌ولێر ده‌ستنیشانى كردوون بۆ دروستبوونى رووداوه‌كانى هاتوچۆ.

رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگەی سۆران - خەلیفان روویدا

رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگەی سۆران - خەلیفان روویدا