"سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان"
قەدەغەی هاتوچۆ رۆژنامەنووسان ناگرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆی رۆژانی سەرژمێری، رۆژنامەنووسان ناگرێتەوە و دەتوانن بە ناسنامەی دەزگاكانیان بچنە سەر كاری خۆیان.
ئەمڕۆ یەكشەممە 17.11.2024 ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، ئاماژەیان بەوە كردووە، بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ژمارە 772 لە بارەی رێنماییەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، هەروەها نووسراوی دەستەی ئاماری عێراق، تایبەت بە قەدەغەی هاتوچۆ، سەرجەم رۆژنامەنووسان ئاگادار دەکەنەوە، هەر رۆژنامەنووسێک هەڵگری ناسنامەی سەندیکا یان دەزگاکانی خۆیانن، دەتوانن هاتوچۆ بكەن و قەدەغەی هاتوچۆ نایانگرێتەوە، بۆ ئەوەی كاری خۆیان بكەن.
هەروەها سەندیكای رۆژنامەنووسان داوا لە رۆژنامەنووسان دەكات، وەك “ئەركێكی نیشتمانی” بەشداری سەرژمێریی بكەن.
سەندیكا رایگەیاندووە، سەرجەم لق و نووسینگەكانی خۆیان لە شارەكانی كوردستان رادەسپێرن بۆ ئەوەی لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان هەماهەنگی بكەن بۆ ئەوەی هاوكاری پەیامنێران و تیمەكانی راگەیاندن، ئەوانەی لە دەزگا باوەڕپێكراوەكان كاردەكەن.
بڕیارە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت، هاوكات ئەم دوو رۆژە قەدەغەی هاتوچۆ دەسەپێندرێت.