چیرۆکى ئەو گەنجەى
خۆى ئامادە دەکرد بۆ پاڵەوانێتى لەشجوانى، بەڵام رووداوى هاتوچۆ قاچەکانى لێ سەندەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
رووداوەکانى هاتوچۆ بوونەتە کابوسى لەباربردنى خەونى زۆر کەس، یەکێک لەوانە عەلى حەمەرەزایە کە گەنجێکى شارى سلێمانییە و بەهۆى رووداوێکى هاتووچۆ، لە یاریزانى لەشجوانییەوە ئاراستەى ژیانى بۆسەر کورسى کەمئەندامى گۆڕا.
وەک ئەوەى عەلى بۆ 964 باسى دەکات، چوار ساڵ لەمەوبەر شەوێک وەک هەر شەوێکى پێشخۆى لەگەڵ براو هاوڕێکانى چوونەتە دەرەوە، بەڵام ئەوە دوا شەوى بووە کە بە جەستەیەکى تەواوەوە بچێتە دەرەوە و لە هاتنەوەدا توشى رووداوێکى هاتوچۆ دەبن و قاچەکانى لە دەست دەدات.
عەلى بەر لە رووداوەکە، لە ئامادەکاریدا بوو بۆ پاڵەوانێتى لەشجوانى کوردستان، بەڵام ئەو رووداوە نەک ئەوەى رێگرى کرد لە عەلى بۆ ئەوەى چیتر بەشدارى ئەو یارییە نەکات، بەڵکو چارەنوسى ژیانى بۆسەر کورسى جوڵاو گۆڕى.
“سەخت بوو باوەڕ بکەم کە ئیتر ناتوانم خەونەکانم بەدیبهێنم، یان چیتر ناتوانم لەسەر پێیەکانم بڕۆم، بۆیە یەکەم پرسیارى دواى نەشتەرگەرى ئەوەم بە دکتۆرەکەم وت جارێکى دیکە دەتوانم لەشجوانى بکەم؟”، عەلى واى وت.
باسى لەوەشکرد، هەرچەندە رووداوى هاتوچۆ قاچەکانى لێسەندەوە، بەڵام وزە و ئیرادەى پێبەخشیووە و ئێستا وەرزشى مەلەوانى و شاخەوانى دەکات.
داواش دەکات، بۆ ئەوەى خەونەکانتان و ژیانتان و جەستەتان لەدەست نەدەن، کۆنتڕۆڵى خێرایى ئۆتۆمبێلەکانتان بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح