لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل روویداوە
رووداوێکى سەختى هاتوچۆ ژمارەیەک گیان لەدەستدان و بریندارى لێکەوتەوە
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
نوێکردنەوە کاتژمێر 10:40 خولەک
کاروان ساڵحى پەیامنێرى 964 لە شوێنى رووداوەکە رایگەیاند، رووداوەکە لە رێگاى سلێمانى بۆ کەرکوک لە نزیک بازگەى چیمەن لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانى تۆیۆتا یارس و بی ئێم دەبڵیو و بیکاشۆیەک روویداوە.
پەیامنێرى 964 قسەى لەگەڵ شایەدحاڵەکان کردووە و ئەوان بەو شێوەیە باسى رووداوەکەیان کردووە کە تۆیۆتا یارسەکە لە سلێمانییەوە بە ئاراستەى کەرکوک هاتووە، بەڵام کۆنتڕۆڵى لەدەستداوە و پەڕیوەتەوە سایدى بەرامبەر و خۆى بە بى ئێمەکەدا کێشاوە.
شایەدحاڵەکان وتویانە، لەناو یارسەکەدا شۆفێرێک و دوو سەرنشین، لە ناو بى ئێمەکەشدا شۆفێرێک و پێنج سەرنشین هەبووە، شۆفێرەکانیان گیانیان لەدەستداوە و سەرنشینەکانى دیکەش بە سەختى بریندارن و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى ئازادى کەرکوک.
پێشتر
کەمێک لەمەوبەر، لە رێگەى کەرکوک بۆ سلێمانى لە نزیک بازگەى چیمەن، رووداوێکى سەختى هاتوچۆ لە نێوان پێنج ئۆتۆمبێل روویداوە و دەوترێت پێنج بۆ شەش کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەک کەس بریندارن.
نەجم دەلۆیى، شایەدحاڵ لە شوێنى رووداوەکە بە 964ـى وت،”رووداوەکە لە نێوان ژمارەیەک ئۆتۆمبێل روویداوە، بە چاوى خۆم پێنج بۆ شەش کەسم بینیوە کە گیانیان لەدەست داوە، و سیانیان منداڵ بوون”.
ژمارەى گیانلەدەستدانى ئەو کەسانە فەرمى نییە و لێدوان و دەنگۆى شایەدحاڵێکە و 964 لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵە بۆ پشتڕاستکردنەوەى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح