هەرزانفرۆش دەکرێن یان دەکرێن بە شەربەت

نەبوونى ساردکەرەوەو کڕیار هەڕەشەى لە دەیان تۆن هەنارى هەڵەبجە دەکات

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

عەلوەى هەڵەبجە پڕبووە لە هەنار، بەڵام کڕیارى لاوازە و نەبوونى ساردکەرەوە (بەڕڕاد)یش، مەترسى لەسەر خراپبوونى هەزاران تۆن هەنار دروستکردووە.

نەریمان ئەنوەر، فرۆشیار لە عەلوەی ھەڵەبجە بە 964ـى وت:” بەھۆی نەبوونی بەڕادی پێویست و ھەناردەنەکردنی ھەنار وەک ساڵانی رابردوو، نرخی ھەنار بە تەواوی دابەزیووە،بەشێوەیەک ساڵانی رابردوو ھەناری باش دەنێردرایە دەرەوە، و ئەوەی دەمایەوە پێداویستی ناوخۆی پڕدەکردەوە، بەڵام ھیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ نەبووە، عەڵوە پڕ  بووە لە ھەنار و کڕیاریشى زۆر کەمە و ساغ نابێتەوە”.

وەک باسى دەکات، بەهۆى ساغنەبوونەوەى هەنارەکان، باخدارەکان ناچارن بیکەنە شەربەت و بەم شێوەیە بیفرۆشن یان بیبەنەوە بۆ ماڵەوە و بیکەن بە رووبە هەنار.

“نرخەکان لەچاو پارو پێرار زۆر دابەزیوون، ئەمساڵ باشترین جۆریان یەک کیلۆى لە هەزار و 250 دینار تێناپەڕێت و هەنارى ئاسایش لە 200 دینارەوە دەستپێدەکات”، نەریمان ئەنوەر واى وت.

لاى خۆیەوە، نەجمەدین عومەر، بەڕێوبەری بەشی باخداری کشتوکاڵی ھەڵەبجە بە 964ی وت،” ئەمساڵ ھیچ ھەناردەیەک نەبووە بۆ دەرەوەی وڵات، بە ھۆی ئەوەشی کە باران و سەرما کەمێک پێشکەوت، بۆیە ھەموو ھەنارەکان لە یەککاتدا پێگەیشتن و زۆربەیان ھەر بە دارەکەوە تەقیون و شەقیان برد هەر بۆیە خاوەن باخەکان بە ناچارى هەنارەکانیان رنین”.

وەک ئەوەى باس دەکرێت، رۆژانە بە نزیکى 40 تۆن هەنار دەنێردرێتە عەلوەى هەڵەبجە، بەڵام بەهۆى نەبوونى کڕیار و نەبوونى بەڕاد بۆ هەڵگرتنى، هەنارەکان مەترسى خراپبوونیان لەسەر دروست دەبێت و بە ناچارى دەکرێن بەشەربەت.

بە وتەی نەجمەدین عومەر، لەبەر ئەوەی ھیچ کارگەیەک نییە کە شەربەتی ھەنار بکاتە ناو بوتڵ و بیانکاتە براندێک بۆیە باخدارەکان ناچارن ھەمووی بکەنە رووبەھەنار، یان شەربەتەکە لە ماڵەوە هەڵبگرن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

نزیکەى 300 هەزار میوان سەردانى فێستیڤاڵى هەناریان کردوو...

نزیکەى 300 هەزار میوان سەردانى فێستیڤاڵى هەناریان کردووە