تانجەرۆ
لەسەر ئەسپ بە خاكەناس لەیەكتریان دا و سێ كەس بریندار بوون
+964
دیلان محەمەد
بەهۆی ئەوەی چەند ئەسپێک چوونەتە ناو باخی هاوڵاتییەكەوە، شەڕ لە نێوان خاوەن باخەكە و خاوەنی ئەسپەكان دروست بووە، بەم هۆیەوە سێ كەس بریندار بوون.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی بە 964 وت، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.11.2024 لە ناوچەی تانجەرۆ شەڕ بووە و سێ كەس بریندار بوون، بەهۆی ئەوەی چەند ئەسپێک چوونەتە ناو باخی هاوڵاتییەكەوە
وتیشی، شەڕەكە لە نێوان خاوەنی باخەكە و خاوەنی ئەسپەكان بووە و بە خاكەناس لەیەكتریانداوە.
هەروەها ئەوەشی وت، سێ بریندارەكە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەكانی شار و شۆڕش.
هەروەها شایەتحاڵێک لە ناوچەی تانجەرۆ بە 964 وت، چەند خانێک هەیە لە ناوچەی تانجەرۆ، ئەسپەکانیان بەرەڵا دەکەن، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەسپەکانیان چوونەتە ناو باخی هاوڵاتییەکەوە و لەسەر ئەو بابەتە بووەتە شەڕ و بەگژیەكداچوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا