بۆچی دێت؟
ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەولێر دەبێت و دواتریش سلێمانی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 13.11.2024 سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەولێر بكات و دواتریش سەردانی سلێمانی بكات.
میدیاكانی عێراقی بڵاویان كردەوە، سودانی بۆ چەند پرسێك دەچێتە هەولێر و سلێمانی، لەوانە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، پرسی سەرژمێری، كە لەو رۆژانەدا بەڕێوەدەچێت، هەروەها بابەتی هاندانی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی كوردستان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە، بابەتێكی دیكەی سەردانی سودانی بۆ هەرێمی كوردستان، پرسی چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە.
سەردانی ئەمجارەی سودانی بۆ هەولێر، دەبێتە چوارەم سەردان لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیای نزیك لە حكومەتی عێراق بڵاویانكردووەتەوە، سودانی لە سەردانەكەی بۆ هەولێر و سلێمانی، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانی و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بافڵ تاڵەبانی و بەرپرسانی دیكەی باڵای هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی دەبێت.