یه‌كه‌یه‌كى تایبه‌تى دامه‌زراندووه‌ و وۆڕكشۆپێكیش به‌ڕێوه‌ده‌بات

زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووسه‌ مێژووییه‌كان ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له‌هه‌ولێر، كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووسه‌ مێژووییه‌كانى كورد ده‌كات و بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌كه‌یه‌كى تایبه‌تى دامه‌زراندووه‌ و مامۆستایه‌كى زانكۆش ده‌ڵێت، تاوه‌كو ئێستا وه‌كو پێویست به‌ڵگه‌نامه‌ مێژوویه‌كان نه‌پارێزراون.

راگه‌یاندنى زانكۆكه‌ بانگهێشتنامه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌بینێ “وۆرکشۆپی بایەخی بەڵگەنامە و دەستنووس لە مێژووی کوردیدا” به‌ڕێوه‌ده‌بات وه‌كو هه‌نگاوێك بۆ پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌كان.

د. هۆشه‌نگ ساڵح، مامۆستاى به‌شی مێژووى ئه‌م زانكۆیه‌ و ئه‌ندامى یه‌كه‌ى پاراستن و كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووسه‌كان، به‌ 964ـى وت به‌مه‌به‌ستى باشتر پاراستن و كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییانه‌ ئه‌م یه‌كه‌یه‌یان دامه‌زراندووه‌ و ئامنجیشیان كركۆدنه‌وه‌یانه‌.

وتیشی “وه‌كو هه‌نگاوى یه‌كه‌م سبه‌ینێ وۆڕكشۆپه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ى له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا بتوانن وه‌كو پێویست به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووسه‌ مێژووییه‌كان له‌ یه‌كه‌كه‌مان كۆبكرێته‌وه‌”.

یه‌كه‌كه‌ى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین ماوه‌ى دوو مانگه‌ دامه‌زراوه‌ و له‌م ماوه‌یه‌شدا ژماره‌یه‌كی زۆرى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووسی مێژوویی كركۆدووه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، تاوه‌كو ئێستا وه‌كو پێویست سوود له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووسه‌ مێژووییه‌كان وه‌رنه‌گیراوه‌ و زۆرینه‌ى نووسینه‌وه‌ى مێژووش به‌ شێوه‌ى زاره‌كی بووه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، ده‌یانه‌وێت بۆ له‌مه‌ودوا ئاڕاسته‌ى نووسینه‌وه‌ى مێژوو له‌ زاره‌كییه‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووسه‌ مێژوویه‌كان بگۆڕن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین گرنگى زۆر به‌م بواره‌ ده‌دات.

ئه‌و وۆڕكشۆپه‌ى به‌نیازن سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌ى ببه‌ن، شوێنه‌كه‌ى له‌ سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین ده‌بێت.

زانکۆی هەڵەبجە کیمیابارانەکە دەکات بە دیجیتاڵی

زانکۆی هەڵەبجە کیمیابارانەکە دەکات بە دیجیتاڵی