لە رانیە دوکانی مەشروبی کردبوو بە باڕ، سزایان دا

+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای رانیە، دوکانێکی مەشروبفرۆشییان سزادا، له‌به‌رئه‌وه‌ى پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بووه‌ و به‌پێی به‌ڵگه‌كانیش، شوێنه‌كه‌ى وه‌ك باڕ لێكردووە بۆ ئه‌وه‌ى مه‌شروبی لێبخورێته‌وه‌.


كارزان سلێمان، سه‌رۆكى لیژنه‌كانى قائیمقامییه‌تى قه‌زاى رانیه‌، به‌ تۆڕى 964ـى راگه‌یاند “فرۆشگاکە شوێنی فرۆشتنى مادده‌ كحولییه‌كانه‌ به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونى به‌ رێنمایه‌كان سزامان داوە”.


به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى لیژنه‌که،‌ ئه‌و فرۆشگایه‌ بۆتڵى ئاوى به‌تاڵى به‌ كه‌مێك سه‌هۆڵه‌وه‌، بۆ فرۆشیاره‌كانى ئاماده‌كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ له‌وێ مه‌شروبی تێبكه‌ن و بیخۆنه‌وه‌، وتیشی “زۆر جاران شۆفێره‌كان ئه‌و بۆتڵه‌ ئاوانه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ى مه‌شروب له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌كاردێنن، دواتریش له‌و حاڵه‌تانه‌دا رووداوى هاتوچۆ روویانداوه‌”.


دەشڵێت “ئه‌و شوێنه‌ مه‌شروبی فه‌لیشی هه‌بووە و فرۆشتوویه‌تى، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى رێنماییه‌كانه‌ بۆیه‌ سزامان دا”.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕی 964، پێشتریش ئه‌و مه‌شروبفرۆشه‌ به‌هۆى سه‌رپێچی له‌ رێنماییه‌كان، له‌ لایه‌ن لیژنه‌كانى چاودێرییه‌وه‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ ده‌رچوو، كرایه‌ سزاى مادى.


له‌ حاڵێكدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ دواى ئاگاداركردنه‌وه‌ و سزاى ماددی، دیسان سه‌رپێچییان كرده‌وه‌، ئه‌وا لیژنه‌كانى چاودێرى تابلۆیه‌ك له‌سه‌ر ده‌رگاى ئه‌و شوێنانه‌ هه‌ڵده‌واسن و‌ لێى ده‌نووسن‌ “به‌هۆى پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێنماییه‌كان ئه‌م شوێنه‌ داخراوه‌”.