ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا ئه‌ركی قورسه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
له یارییه‌كی دواخراوی خولی ئیسپانیا، ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا له ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا رووبه‌ڕووی ریال بێتیس ده‌بێته‌وه، ئه‌ركی تیپه كه‌ته‌لۆنییه‌كه ئاسان نییه.
یارییه‌كه دواخراوی گه‌ڕی 17ـیه و ده‌بوو له 14ـی مانگی رابردوو بكرایه، به‌ڵام به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا له سعوودیه، كه هه‌ردوو یانه تێیدا به‌شداربوون، یارییه‌كه دواخرابوو.
بارسێلۆنا له پێشكۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا له‌گه‌ڵ بێتیس یاری كرد و به زه‌حمه‌ت به لێدانه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان لێیبرده‌وه.
تیپه‌كه‌ی كه‌ته‌لۆنیا ئێستا له پێشه‌نگی خولی ئیسپانیایه به 47 خاڵ و 5 خاڵ له پێش ریال مه‌دریدی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌مه، له كاتێكدا ریال بێتیس له پله‌ی شه‌شه‌مه و 31 خاڵی هه‌یه.
بارسا بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و، كه كاتژمێر 23:00 به كاتی كوردستان ده‌ستپێده‌كات، هه‌ردوو هێرشبه‌ر لێڤاندۆڤسكی و فێران تۆرێسی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، كه به هۆكاری جیاجیاوه له یارییه‌كانی رابردوو دابڕابوون، به‌ڵام تیپه‌كه له تواناكانی عوسمان دێمبێلی بێبه‌شه، كه دووچاری پێكان بوو.
له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئاماده‌یی بارسێلۆناشدا، ئه‌ركی تیپه‌كه ئاسان نییه، به‌و پێیه‌ی بێتیس له یاریگای خۆیدا به ئاستێكی به‌رز یاری ده‌كات.