باران
ئەمڕۆ لە 13 پارێزگاى عێراق دەبارێت و سبەى دەگاتە هەرێمى کوردستان
964+
وریا فەتاح
کەشناسى عێراق پێشبینى کردووە، ئەمڕۆ لە ناوچەکانى رۆژئاواى عێراق باران بارین لە بەرەبەیانییەوە دەستى پێکردووە و پێشبینى دەکرێت تاکوو ئێوارەى ئەمڕۆ بۆ ناوەندى وڵات درێژبێتەوە و 13 پارێزگا لەخۆى بگرێت و سبەینێ دووشەممەش بگاتە هەرێم.
وەک ئەوەى کەشناسى عێراق باسى کردووە، باران بارین لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە باشووری رۆژئاوای ئەنبارەوە دەستی پێکرد و دواتر بۆ تەواوى ناوچەکانی ئەنبار گواسترایەوە، ئەوەش بە شێوەیەکە تا نیوەڕۆ هەریەک لە کەربەلا و نەجەف، دیوانیە و بابل، بەغدا، واست، دیالە، سەڵاحەدین، دەگرێتەوە.
بەپێى کەشناسى عێراق، لە بەرەبەیانى رۆژى دووشەممەوە، دۆخەکە بەرەو سلێمانى و دهۆک و کەرکوک و هەولێر و بەشێک لە موسڵ دەگوازرێتەوە و بارانیان لێدەباریت.
لاى خۆیەوە کەشناسى هەرێم بڵاوى کردووەتەوە، ئەمڕۆئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لەکاتەکانی ئێوارە بۆ شەو دەگۆێت بۆ نیمچە هەور، بەڵام سبەینێ دووشەممە، کەشەکە دەگۆڕێت بۆ باران و سەرەتا لە سنوورى پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک دەستپێدەکات.
وەک باسکراوە، بارانەکە کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، بارانبارین بەشێوەی نمەباران و هەندێ کات ئەگەری لێزمەباران و هەورەتریشقە دەبێت لەگەڵ نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمێک زیادبوونی خێرایی با .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 23 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 19 پلەى سیلیزى
دهۆک : 22 پلەى سیلیزى
کەرکوک : 23 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 19 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 21 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران : 8 پلەى سیلیزى
سۆران : 18 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 23 پلەى سیلیزى