هێمای هاتوچۆشی لێ نییە
شەقامێکی رانیە بەهۆی تاریکییەوە زۆرترین رووداوی هاتوچۆ لێی روودەدات
+964
ژێوار خدر
شەقامی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی رانیە – تیتۆکە، شەقامێکی قەرەباڵغی رانیەیە، بەهۆی ئەوەی چوارڕیانە و هاتوچۆی چوار گەڕەکی جیاوازی رانیەی بەسەرەوەیە، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تەنیا دوو سایدی شەقامەکە تەواو بووە و دوو سایدەکەی دیکەی تەواو نەکراوە، شەقامەکە هیچ رووناککەرەوە و هێمایەکی هاتوچۆشی تێدا نییە، هاوڵاتیانیش دەڵێن، تاریکیی شەقامەکە وایکردووە زۆرترین رووداوی هاتوچۆی لێ رووبدات.
سەرەوەر حاجی دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکەیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، شەوانە شەقامەکە زۆر قەرەباڵغە و هاتوچۆیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی بەسەرەوەیە، نەبوونی رووناکی و هێمای هاتوچۆش وایکردووە شەقامەکە تاریک بێ و خەڵک تووشی رووداوی هاتوچۆ ببن.
وتیشی، چەند جارێک لەلایەن دانیشتووانی گەڕەکەکەوە داواکراوە شەقامەکە رووناک بکرێتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ نەکراوە.
سەروەر دەشڵێت، ئەوەندەی من ئاگادار بم لە ماوەی یەک ساڵدا چوار کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لەو رێگەیە گیانیان لەدەستداوە،.
ئەوە لە کاتێکدایە، هەر دوێنێ لەسەر هەمان شەقام چوار کەس بەر ئۆتۆمبێل کەوتن کە سیانیان منداڵ بوون.
964 پەیوەندی بە بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیەوە کرد سەبارەت بەم بابەتە، ئەو وتی، پڕۆژەی تەواوکردنی چوار سایدەکە ئێستا لە قۆناغی تەندەریندایە و هەر کات تەواو بوو و پارە تەرخانکرا، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بودجەی تەرخانکراویش بۆ پڕۆژەکە 294 ملیۆن و 775 هەزار دینارە.
سەبارەت بە رووناککردنەوەی شەقامەکە، قسەمان لەگەڵ عوسمان رەمەزان، لێپرسراوی بەشی رووناکی لە کارەبای راپەڕین کرد، پێی راگەیاندین، نەک تەنیا ئەو شەقامە بەڵکو زۆرینەی شەقامەکانی رانیە رووناک دەکرێنەوە، بەڵام پڕۆسەکە بە قۆناغ دەکرێت، بەمزووانە ئەم شەقامەش رووناک دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، نزیکەی 400 گڵۆپ بۆ رووناککردنەوەی رانیە دابینکراوە و بەمزووانە زۆرینەی شەقامەکانی رووناک دەبنەوە.