لە تەلەعفەر
رۆژانی هەینی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل قەدەغەیە و غەرامەش نیو ملیۆنە
964+
ژووری هەواڵ
پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە تەلەعفەر لە رۆژانی هەینیدا دادەخرێن، بڕیارەکە تازەیە و خاوەن مەعرەزەکان داویانە، هەر کەسێکیش پابەند نەبێت، 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.
لە ئەمڕۆ هەینیەوە 8.11.2024 هەموو کڕین و فرۆشتنێک لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە تەلەعفەر راگیراون و پێشانگاکان چۆڵ و هۆڵ بوون، تەنیا بەشێک لەو کڕیارانەی کە لە دەرەوەی شارن بە بڕیارەکەیان نەزانیوە و چوونەتە پێشانگاکە.
بیانووی خاوەن پێشانگاکان بۆ ئەم بڕیارە ئەوەیە کە دەیانەوێت پشوویەک وەربگرن، عەلی ئەحمەد، خاوەنی یەکێک لە پێشانگاکان بە 964ـی راگەیاند، رێککەوتنەکە وایە، “هەر کەسێک پابەند نەبێت، بڕی 500 هەزار دینار غەرامە دەکرێت”.
عەباس خەلەف، کڕیارێکە و بەئومێدەی دەستکەوتنی ئۆتۆمبێل چووەتە پێشانگاکانی تەلەعفەر، ئەو بە 964ـی وت، “ئێمە لە ناوچەی ئەلبالیجەوە لە قەزای شنگال بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک چووینە تەلعەفەر، بەو پێیەی پێشانگاکانی تەلعەفەر لە رۆژانی هەینیدا کڕین و فرۆشتنی زۆریان تێدا دەکرێت، بەڵام ئەوەمان پێ سەیر بوو بینیمان هەموو پێشانگاکان داخراون”.