نزیکەی 17 هەزاریان وەردەگیرێن
نزیکەی 61 هەزار کەس داواکاریان پێشکەشکردووە بۆئەوەی وەک بژمێر دابمەزرێن
964+
ژووری هەواڵ
نزیکەی 61 هەزار کەس داواکاریان پێشکەشکردووە بۆئەوەی وەک بژمێر دابمەزرێن لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، بەرپرسێکی ئۆپراسیۆنی سەرژمێریکردنەکەش دەڵێت، لەو ژمارەیە نزیکەی 17 هەزار کەسیان پێویستە.
ئەمڕۆ هەینی 8.11.2024، شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان بە 964ـی راگەیاند، وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگان وەك بژمێر بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان كۆتاییهات و 60 هەزار و 758 کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.
“پێشبینی ئەو ژمارە زۆرەمان نەدەکرد، چونکە بۆ نمونە بۆ بەشێک لە گەڕەکەکان تەنیا پێویستمان بە 70 بژمێر هەیە، بەڵام 600 داواکاری پێشکەشکراوە و دەبێت هەڵیان ببژێرین”، شوان جەبار وای وت.
لەنێو ئەو کەسانەی فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە 25 هەزار و 106 کەسیان لە پارێزگای سلێمانی و 18 هەزار و 865ـیان لە هەولێر و 16 هەزار و 787ـیان لە دهۆك بووە، بڕیاریشە لە ماوەی دوو رۆژدا وەرگیراوان رابگەیەندرێت.
فۆڕمەکە لە شەشی ئەم مانگەوە كاراكرابوو بەمەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێری وەك بژمێر، ئەمڕۆ لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە كۆتاییهات، ئەوانەی وەردەگیرێن مانگانە 250 هەزار دیناریان پێدەدات بۆ ماوەی دوو مانگ.