پۆلیسى سۆران
لە خەلیفان دووکانى مۆبایلیان بڕى و لە کەلار دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى سۆران دەستگیرکردنى دوو تۆمەتبارى راگەیاند کە لە دووکانێکى مۆبایلى قەزاى خەلیفان دزیان کردبوو.
بەپێى راگەیەنراوى پۆلیسى سۆران، ماوەیەک لەمەوبەر کەسێک کە دوکانى مۆبایل فرۆشى هەیە لە بنکەى پۆلیسى خەلیفان سکاڵاى تۆمارکردبوو کە دوکانەکەى بڕدراوە و بڕێکى زۆر مۆبایل و پارەى لێ دزراوە.
وەک باسى دەکات، پۆلیس هەر ئەوکات دەستى کردووە بە لێکۆڵینەوە و تیمێکى بەدواداچوونى پێکهێناوە و لە کامێراى چاودێرییەوە تا شارۆچکەى کۆیە شوێنپێیان هەڵگیراوە و جۆرى ئۆتۆمبێلەکە و دوو تۆمەتبارەکە دەستنیشانکراون کە کاتژمێر 5ـى بەیانى تاوانەکەیان ئەنجامدا بوو.
بەپێى راگەیەنراوى پۆلیسى سۆران، دواى هەماهەنگى لەگەڵ پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى و پۆلیسى گەرمیان، توانرا بە ماوەیەکى کەم تۆمەتبارێکیان کە شۆفێرەکەیە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە شارى کەلار دەستگیربکرێت و رەوانەى پۆلیسى سۆران کراوەتەوە و دواتریش تۆمەتبارى سەرەکى بەناوى (ئـ . ح . س ) لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەلار دەستگیر کراوە.