فرۆشتنی قەدەغە کرا
دوو جۆر حەب لە ناو کێکێکی ئێرانی لە فرۆشگای قوتابخانەیەکی کەرکوک دۆزرایەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
دوو جۆر حەبی جیاواز لە ناو کێکێکی ئێرانی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کەرکوک دۆزرایەوە و پەروەردەی شارەکەش، فرۆشتنی کێکەکەی لە قوتابخانەکان قەدەغە کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 5.11.2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک نووسراێکی ئاراستەی ئیدارەی قوتابخانەکان کرد و تیایدا دەڵێت، “دوای دۆزینەوی جۆرە حەبێک لە ناو کێکێک بەناوی لەیل (LAYEL) لە فرۆشگای یەکێک لە قوتابخانەکانی کەرکوک، بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی ئەو جۆرە کێکە لە فرۆشگاکان”.
ئەندامێکی لیژنەی چاودێری فرۆشگای قوتابخانەکان سەر بە پەروەردەی کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە 964ـی وت، “ئەو رووداوە لە قوتابخانەی ئپتیکار لە گەڕەکی یەکی حوزەیران روویداوە و دوای پشکنینی کارتۆنێک کێک، تەنها لە ناو یەک پارچە کێک ئەو دوو حەبە دۆزراوەتەوە، پێشتریش هەمان جۆرە حەب لە بەغدا دۆزراوەتەوە”.
وتیشی، تا ئێستا روون نییە کە ئەو حەبە چییە، لیستێکی خواردن و خواردنەوەی قەدەغەکراومان هەیە وەک ماددە وزەبەخشەکان و چەند جۆرە کێکێک، بەڵام یەکەمجارە ئەو جۆرە کێکە دەبینین”.
لەوبارەیەشەوە، لەیلا عەلی جەباری پزیشکی دەرمان لە دەرمانخانەی فارما بە 964ـی وت، “ئەو حەبەی لە کێکەکەدا بینراوە، ئێرانییە و ناتوانین روونی بکەینەوە کە زیانبەخش یان هۆشبەرە، یاخود بەسوود و بێ کێشەیە، چونکە زیاتر لە 100 جۆری هاوشێوەی هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت بەوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و ئەنجامەکەی ئاشکرا بکرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری