دەستبکەن بە گەنم چاندن
لەگەرمیان پەڵەى دا
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
لەگەرمیان وەرزى حەقەپەڵە تێنەپەڕى و ئەو بارانەى دوو رۆژى رابردوو رێژەیەکى باشبووە و پەڵەى داوە، کشتوکاڵی گەرمیانیش بەجوتیاران دەڵێت، دەست بە چاندنى گەنم و جۆ بکەن.
جەعغەر فەرەج، لێپرسراوی ھۆبەی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ـى وت،”رێژەی بارانبارین لە سنوری ئیدارەی گەرمیان چەند ھێندەی باران بارینی ساڵی پارە تا بەرواری 3.11.2024″
“جوتیارانی گەرمیان بێخەم بڕۆن دانەوێڵەکانتان بچێنن و بەتەواوی پەڵەی داوە، لەھەندێک لە ناوچەکانی گەرمیان ئەمڕۆ جوتیاران دەستیان بە چاندنی گەنم کردووە”،جەعفەر فەرەج وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”بەپێی ئەو ستانداردەی دیاریکراوە، ئەگەر لەماوەی دوو رۆژدا 60 ملیم باران ببارێت، زەویە کشتوکاڵیەکان بە پەڵەدراو دادەنرێن، ھەروەھا بەپێی ئەم رێژە باشەی باران بارین بێت کە لەسەرەتای وەرزی بارانداین، پێشبینی دەکەین بەرھەمی دانەوێڵە بۆ ئەمساڵ لە گەرمیان باشتر بێت لە ساڵی رابردوو”.
بەپێی ئاماری ھۆبەی کەشناسی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، رێژەی باران بارین لە گەرمیان تا بەرواری 3.11.2024 بەم جۆرە بووە:
کەلار ئەمساڵ 103.5 ملیم باران باریوە، ساڵی پار تا ئەم بەروارە 7.2 ملیم باریبوو.
کفری ئەمساڵ 68.40 ملیم باریوە، ساڵی پار تا ئەم بەروارە 2.5 ملیم باریبوو.
خانەقین ئەمساڵ 59.3 ملیم باریوە، ساڵی پار تا ئەم بەروارە 5.2 ملیم باریبوو.
پێباز ئەمساڵ 92.7 ملیم باران باریوە، ساڵی پار 13.5 ملیم باریبوو.
مەیدان ئەمساڵ 102 ملیم باران باریوە، ساڵی پار 14.5 ملیم باریبوو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح