چه‌ندین تیم له‌كاردان

به‌هۆى بارانه‌ به‌خۆڕه‌كه‌ى ئه‌مشه‌و چه‌ند شوێنێكی هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌لامه‌ت نه‌بوون

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ھەڵەبجە کردووە، به‌ڵام بەھێزی شەپۆلەکەو بارانی بە خوڕی ئەمشەو، چەند شوێنی جیاوازى له‌و پارێزگایه‌ به‌ سه‌لامه‌تى نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، له‌هه‌ندێك شوێن به‌ ھۆی درووسبوونی لافاو، ئاستەنگی ھاتوچۆی بۆ ھاوڵاتیان و شۆفێرانیش درووستکردووە.

وەرزێر رەشید، جێگری سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، لە ئێستادا ئاو چۆتە ناو سێ ماڵ، مزگەتی بەھەشت، و دوکانی ھێمن گرووپ، رێگەی گەڕەکی شارەوانی و رێگەی بەردەم نەخۆشخانەی  فریاکەوتنی ھەڵەبجەش بەھۆی کۆبوونەوەی ئاو، داخراون.

وتیشی “بە چه‌ند تیمێكی جیاواز له‌ سەرۆکایەتی شارەوانی، بەرگری شارستانی، وەڵامدانەوەی قەیرانەکان JCC، تیمی گروپی بیڤان، و تیمێکی پارێزگار سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەین”.

لە دوو ئاگادارکردنەوەشدا، ھاتوچۆی شارەکە داوا لە شۆفێران دەکات کە ھەریەک لە رێگای گەڕەکی شارەوانی، رێگای سیروان – سلێمانی، نزیک گوندی لامەرکەزی بەکارنەھێنن، چونکە لافاو درووستبووە و ھاتوچۆ ئەستەم بووە.

جگە لەو رێگە سەرەکیانەی کە ھاتوچۆ ئاماژەی پێداوە، ناو بازاڕی شارەکەش لە چەند شوێنێکەوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی باراناو، ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل زەحمەت بووە.

لە رۆژی ھەینییەوە، باران بارین لە ھەڵەبجە دەستیپێکردووە و تاوه‌كو ئێستا 41.6 ملیمه‌تر باران باریوە، و تا ئێستاش شەپۆلەکە بەردەوامی ھەیە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هەڵەبجە بە بارینی 41 ملیم باران یەکەمی هەرێمی کوردستانە

هەڵەبجە بە بارینی 41 ملیم باران یەکەمی هەرێمی کوردستانە