خولی ئەستێرەکانی عێراق
هەولێر گرێكوێرەی نەفتی بەسڕەی هەڵوەشاندەوە و بردنەوەیەكی گەورەی تۆمار كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
یانەی هەولێر بە بردنەوەیەكی گەورە بەسەر یانەی نەفتی بەسڕە، دڵی هاندەرانی خۆش كرد، كە بەم سەرمایەی هەولێر هاتبوونە یاریگە، ئەو گرێكوێرەیەشی هەڵوەشاندەوە كە ساڵانێكە بەرامبەر ئەو یانەیە تووشی بووە.
یارییەكە ئەم ئێوارەیە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا هەولێر بە 4-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
گۆڵەكانی یانەی هەولێر یاریزانان كۆڵن ئەندرسن، یوسف بن سۆدە، مستەفا قابیل و سەفین مەنسووڕ تۆماریان كرد، تاكە گۆڵی نەفتی بەسڕە یاریزان حوسام مالیك بە پەناڵتی تۆماری كرد.
هەولێر لە دوو یاریی رابردوو بەرامبەر قاسم دۆڕا و لەگەڵ نەجەفیش یەكسان بوو، بۆیە بردنەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر نەفتی بەسڕە، بارودۆخی یانەی هەولێر باشتر دەكات، بە تایبەتی كە چەند یاریزانێكی گرنگی بەهۆی پێكانەوە دابڕاون.
هەولێر بەم بردنەوەیە راستەوخۆ بۆ پلەی شەشەم سەركەوت و ژمارەی خاڵەكانی بوونە 11 خاڵ، یانەی نەفتی بەسڕەش لە پلەی 18یە و تەنیا 3 خاڵی هەیە.
ئەم هەفتەیە بۆ یانەكانی دیكەی كوردستان نەهات بوو
ئەم هەفتەیە بۆ یانەكانی كوردستان لە خولی ئەستێرەكانی عێراق نەهات بووە و هیچ یەكێك لە یانەكانی دهۆك و زاخۆ و نەورۆز بردنەوەیان تۆمارنەكرد.
یانەی دهۆك لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێك بەرامبەر سێ گۆل بە یانەی كەرخ دۆڕا، لەو یارییەی دوێنێ ئێوارە كرا و سەرەتاش دهۆك بە گۆڵی بەیار ئەبوبەكر پێشكەوت، بەڵام دواتر سێ گۆڵی لێكرا.
یانەی زاخۆش ئەركی قورس بوو، بە گۆڵێك بە یانەی جەوییە دۆڕا، لەو یارییەی لە شاری كوت كرا، لەگەڵ ئەوەشدا هاندەرانی زاخۆ نموونەیەكی جوانیان پێشان دا و پشتگیری خۆیان بۆ راهێنەر و تیپەكە دووپاتكردەوە و پێشوازییان لێكردن.
هەروەها یانەی نەورۆز ئەم هەفتەیە ئەركی قورس بوو، لە ناو بەغدا بە گۆڵێك بە یانەی زەوڕا دۆڕا، لەگەڵ ئەوەشدا نەورۆز لە دوو یاریی پێشوودا بردنەوەی تۆمار كردبوو.