پێنجوێن
وەرگیراوەکانی زانکۆو پەیمانگاکان دەتوانن پشکنینی چاو بکەن
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
لە پێنجوین بە سەرپەرشتیکردنی لیژنەیەکی تایبەت پشکنینی چاو بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێت هەرچەندە پزیشکی پسپۆری چاو لە پێنجوێن بوونى نییە؟
پێشڕەو غەریب، سەرپەرشتیاری لیژنەی پشکنینی چاو بە 964ـى وت،” لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەو قوتابیانەی پۆلی دوانزەیان تێپەڕاندووە بۆ ئەوەی پشکنینی چاو بکەن بۆ بەشەکانیان”.
وتیشى،”پشكنینی رادەی بینین بۆ خوێندکاران دەکرێت و بەگوێرەی مەرج و رێنمایی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەوەی هەر خوێندکارێک پێوستی بە چاویلکە هەبێت ئاگادار بکرێتەوە”.
ئەوەشی خستەروو ، دەبێت خوێندکاران پشتگیری ئەو بەشەیان پێبێت کە لێی وەرگیراون لەگەڵ یەک وێنەی خۆیاندا و ئەوانەشی چاویان کزە چاویلکەکەیان یاخود پسوڵەی پزیشکی بهێنن.
“رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممە چوارشەممە پشکنینی چاو لە بینای کۆنی نەخۆشخانەی قانع بۆ خوێندکارەکان دەکرێت و ئەگەر پێویست بکات رۆژانی پشکنینی چاو زیاتر دەکرێت بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن پشکنین بکەن” پێشڕەو غەریب وای وت.
ئاشکراشى کرد، ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن بێ پزیشکی چاوە، بەڵام لەبەر ئەو خوێندکارانەى لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن، لیژنەیەکیان پێکهێناوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجامى زانکۆ لاینى راگەیاند و بەمەش لە رۆژانى داهاتووەوە وەرگیراوان لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت دەستبکەن بە ئەنجامدانى مامەڵەکانیان کە پشکنینى چاو بەشێکە لێى.
پێداچوونەوە- ژوولی عەدنان