بەسەر پردی تۆڤگەدا مەڕۆن مەترسی داڕمانی هەیە
هاتوچۆی سلێمانی و گەرمیان شۆفێران ئاگادار دەکەنەوە
964+
شۆڕش قادری
باران بارین بەردەوامە و هاتوچۆکردن لە رێگاکان پێویستی بە وریایی زیاترە، بۆیە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و گەرمیان کۆمەڵێک رێنماییان بڵاوکردووتەوە و داوا لە شۆفێران دەکەن زیاتر پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “بە گرنگی دەزانین شۆفێرانی بەڕێز پابەندبن بەم خاڵانەی لای خوارەوە”:
1- پابەندبوونی تەواو بە هێماکانی هاتووچۆ بە تایبەت هێماکانی دیاریکردنی خێرایی لەسەر شەقام و ڕێگاکان.
2- پێویستە گرنگییەکی زیاتر بدرێت بە ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئوتومبیلی خۆت و ئوتومبیلەکانی بەردەمت.
3- مافی پیادەکان بدە و هاوکارییان بکە لە پەڕینەوەی شەقامەکان.
4- پێش دەستکردن بە ڕۆشتن دڵنیابکەرەوە لە ( فڵچەکان، ئاو و ڕۆن، برێک، لایت، ،تایەکان )
5- پێویستە هەر یەک لەم پارچانە لە ئۆتۆمبێلەکەتدا هەبن ( ئاگرکوژێنەوە، سێگۆشەی فسفۆر، پێویستییەکانی فریاگوزاری سەرەتایی، جەگ، لایتی دەستی، تایەی سپێر کە پێویستە ئامادەبێت بۆ بەکارهێنان).
6- لەو شوێنانە دوور بکەوەرەوە کە کۆبوونەوەی ئاو یان لافاوی تیادا دروست دەبێت.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاندووە: ئەو شۆفێرانەی کە لە سنوری بناری بەمۆ و تەنگی سەرتەک هاتوچۆ دەکەن بەتایبەت شۆفێرانی بارهەڵگر، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو هاتوچۆ مەکەن و ئۆتۆمبیل بەکار مەهێنن، چونکە ئەگەری زۆرە ڕێگای ناو تەنگی سەرتەک زیخەڵانێکی زۆر بڕژێتە سەر رێگاکە و بەهۆی هەورازو لێژی و پێچاوپێچی رێگاکەوە مەترسی کۆنتڕۆڵ لەدەستدانی ئۆتۆمبێل زیاتر دەبێت.
دەشڵێت، “پردی سەرەکی ئاسنینی تۆڤگە بەپێی کەشف و نوسراوی رێگاوبان بەکەڵکی هاتوچۆی بارهەڵگر نایەت و بەهۆی ئەم شەپۆلە بارانبارینەوە، پردی دەستکردی خۆڵی ناو شیوی تۆڤگە کە پێشتر بەکار دەهێنرا بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، لەئێستادا بەکارهێنانی سەلامەت نیە و هاتووچۆی پێدا مەکەن چونکە ساڵانی پێشوو داڕماوە و جێگەی مەترسییە”.