45 خوێندکار بەشداربوون

کۆلێژێکی زمان کەمپینی “سولی بەبێ پلاستیکی” دەستپێکرد

964+
ئەحمەد مستەفا

بە بەشداری تیمێكی خۆبەخش، كەمپینی “سولی بەبێ پلاستیك” لە کۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانییەوە دەستیپێكرد و بڕیارە ماوەی چوار رۆژ لە شاری سلێمانی بەردەوام بێت.

حکومەت و کەرتی تایبەت پاڵپشتی کەمپینەکە دەکەن، زانکۆ سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا وتەی دکتۆر سۆما نەوزاد، مامۆستا لە كۆلێژی زمانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، زانكۆی سلێمانی هەمیشە خواستی بووە، دانەبڕێت لە كۆمەڵگا و خوێندكارەكانی بەشداری لە چالاكییەكانی كۆمەڵگادا بكەن.

لەوچوارچێوەیەدا بەباشیان زانیوە، دەستپێكی ئەو كەمپینە، كە بۆ پاككردنەوەی سلێمانی لە پلاستیك راگەیەندراوە، بە بەشداری‌ و هاوكاری كۆلێژی زمان لەناو زانكۆی سلێمانییەوە بێت.

بە قسەی ئەو مامۆستایە زانکۆی سلێمانی، ئامانجیانە زانكۆی سلێمانی‌ و گۆڕەپان‌ و باخچەكانی لە پاشماوەی پلاستیك‌ و كەرەستەكانی دیكە پاكبكرێنەوە، بە مەبەستی جوانكردنی سیما‌ و پاراستنی زانكۆی سلێمانی لەڕووی ژینگەییەوە.

نزیكەی 45 خوێندكار خۆبەخشانە بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا كرد، سەرەتا خوێندكارەكان بەشداربوون لە سیمینارێكی تایبەت بە كەمپینەكە لە مۆزەخانەی كلتووری سلێمانی، پاشان لەناو زانكۆدا بەسەر چوار تیمدا دابەشبوون و هەریەك لە تیمەكان پێداویستی تەواویان لە كیسی پاشەڕۆ و دەستكێش‌ و دەمامك پێدرا، دواتر بەناو كۆلێژ‌ و شوێنە گشتییەكانی زانكۆدا بڵاوبوونەوە بۆ كۆكردنەوەی پلاستیك‌ و پاشماوەكانی دیكە.

دیمەنی خوێندکارە خۆبەخشەکان؛