دوو پایزە چاوەڕێى رێگاى قیرن

دانیشتوانى شکارتە گردبوونەوە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ، جارێکى دیکە دانیشتوانى شکارتە و ناوچەى خۆشناوەتى، دژى تەواونەکردنى رێگاى شکارتە- بالیسان، گردبوونەوە، چالاکوانێکى ناوچەکەش دەڵێت، دوو پایزە چاوەڕێن رێگاکەیان بۆ قیر بکرێت.

رێگاى شکارتە بۆ بالیسان، دەڤەری راپەڕین دەبەستێتەوە بە خەلیفان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێک لە دانیشتوانى شکارتە و گوندەکانى دەورووبەرى، دژى راگرتنى کارەکانى قیرتاوکردن و نۆژەنگردنەوەى رێگاى شکارتە – بالیسان گردبوونەوە.

بڵند عەبدولرەحمانى چالاکوان بە 964ـى وت،”ئەو کۆمپانیایەى سەرپەرشتى دروستکردنى رێگاکە دەکات، دوو ساڵە خەریکە و تەواوى ناکات و هەر ناوە ناوە دەستدەکەنەوە بەکار و دواتر دەوەستن”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەمڕۆ ئەندازیارى رێگاکەى بینیوە و پێى وتوە، لەبەر ئەوەى حکومەت پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرج ناکات کارەکانیان راگرتووە.

ئەو چالاکوانە دەشڵیت، لە واقعدا سەر بە سلێمانى و ئیدارەى راپەڕینین، بەڵام دوو پایزە ئێمە چاوەرێى رێگاى قیرین و “بووینەتە قوربانى نێوان دوو ئیدارە”.

جەختیش دەکاتەوە، ئەمجارە خێمە هەڵدەدەن و کۆڵنادەن تا قیر نەکرێت.

لاى خۆیەوە، بەختیار وەرتى، ئەندازیارى کۆمپانیاى جێبەجێکارى پڕۆژەکە بە 964ـى وت، ئەوەى ماوە قیر بکرێت دوو کیلۆمەترە و ئیشى سێ رۆژە، بەڵام حکومەت پارەیان بۆ خەرج ناکات و ئەوانیش کارەکەیان راگرتووە.

پێشتر مەنگوڕ پیرۆت، سەرۆکى شارەوانى شکارتە بە 964ـى وتبوو،” دانیشتوانى شکارتە مافى خۆیانە، چونکە ساڵانێکە توشى ئاستەنگى بوون بەهۆى خراپى رێگەکە، داواکاریان ئەوە بوو کۆمپانیا دەست بە کارکردن لە رێگاکە بکاتەوە”.

هەرچەندە رۆژى 18.9.2024، مەنگوڕ پیرۆت بە 964ـى وتبوو،” ماوەى سێ هەفتەى داهاتوو دەبێت قیرکردنەکە تەواو بکرێت”، بەڵام ئەمڕۆ جارێکى دیکە دانیشتوانى شکارتە بۆ هەمان مەبەست گردبوونەتەوە.

“پارەى تەرخان کراو بۆ پڕۆژەکە حەوت ملیار 500 ملیۆن دینارە و لەلایەن بانکە بازرگانییەکانەوە تەمویل کراوە و خەرج دەکرێت تا کاتی تەواو کردنی پڕۆژەکە قۆناغ بە قۆناغ”.پێشتر مەهدى مستەفا، بەڕێوەبەرى ناحیەى بالیسان بە 964ـى وتبوو.

خۆپیشاندانى ئەمڕۆى دانیشتوانى ناحیەى شکارتە و بێتواتە، کاتژمێر 9ـى بەیانى لە مەفرەقى شکارتە دەستى پێکرد و گەنجان و پیاوان و ریشسپیانى ناوچەکە بەشدارن تێیدا و بە گڵ رێگاى بالیسانیان گرتووە.

دانیشتوانى شکارتە و گوندەکانى دەورووبەرى گردبوونەوە

دانیشتوانى شکارتە و گوندەکانى دەورووبەرى گردبوونەوە