لە رۆژئاوای کوردستان
حەوت سەربازى تورکیا کوژران
964+
ژووری هەواڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە، رایگەیاند، لە چەند هێرشێکدا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە گوندەکانی دەوروبەری منبج، حەوت سەربازی تورکیایان کوشتووە.
ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبج، کە سەر بە هەسەدەیە، لە پێگەی راگەیاندنەکانی خۆیان، دیمەنی هێرشەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، هێرشەکە لە کاردانەوەى هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدراوە.
هێرشەکانی هەسەدە چوار بنکەی تورکیایان لە بەڵداق، شێخ ناسر، قەرەتە و شەقیف لە ناوچەکانی سنووری باکووری مەنبج کردووەتە ئامانج، ئەنجوومەنەکە وا دەڵێت.
بە گوتەی ئەنجوومەنەکەی سەر بە هەسەدە، لە هێرشەکاندا حەوت سەربازی تورکیا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای تورکیا و میت هێرشیانکردووەتە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، وێستگەکانی ئاو، کارەبا و وزە و ژێرخانی مەدەنیی و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل گیانیانلەدەستداوە.
بەگوتەى مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیی هێزەکانى سووریاى دیموکرات، بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە، 17 کەس گیانیانلەدەستداوە و 48ـى دیکەش بریندارن.