چوار ساڵە لە دوزخورماتوو راگیراوە
نەبوونی فۆڕمی خۆراک گرفتی بۆ دامەزراندن و نەوتیش دروستکردووە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەشێک لە ھاوڵاتیانى قەزای خورماتوو ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بەدەست گرفتی دەرنەکردنی کارتی خۆراک بۆیان دەناڵێنن و وەک خۆیان دەڵێن جگە لە وەرنەگرنی خۆراک، بێ بەش بوون لەوەرگرتنی نەوتیش.
هەر ئەوەندەش نا، کێشەی دیکەی دروست کردووە و لە هەندێک هەنگاویش بووە بە بەربەست لەبەردەم دانیشتووانەکەی.
سامان عەزیز، ھاوڵاتییەکی دانیشتووی دوزخورماتووە بە 964ـی وت، “ماوەی چوار ساڵە خێزانم پێکھێناوە و خاوەنی سێ منداڵم، بەڵام بەھۆی راگرتنی دەرکردنی کارتی خۆراکەوە، ئێستا لە بەشە خۆراکی مانگانە بێبەش بووین و بەرەو وەرزی سەرما و زستان دەڕوات نەوت- یشمان پێ نادرێت”.
دەشڵێت، “جگە لەوە لە فەرمانگەکاندا وەکو بەڵگەنامەی فەرمی داوای کارتی خۆراک دەکەن و کارەکانمان رای ناکرێت و لە دواین دامەزراندنی گرێبەستیش کە لەپارێزگاکە راگەیەندرا بەھۆی نەبوونی کارتی خۆراکەوە ھاوژینەکەم دانەمزرێندرا”.
حەیدەر عەلی، لێپرسراوی فەرمانگەی فۆڕمی خۆراک لە دوزخورماتوو بە964ـی وت، “لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی عێراقەوە دەرکردنی کارتی خۆراک ماوەی چوار ساڵە راگیراوە بەبێ هیچ هۆکارێک و دەیان جاریشە داوایان بۆ سەرووی خۆیان ئاڕاستەکردووە و هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە، جگە لەوەی پێیان راگەیاندوون، کە دەبێت چاوەڕوان بن، تاوەکو سیستمی کارتی خۆراک لەپارێزگاکانی عێراق کارادەکەن و بەیەکجاری سیستمی کارتی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی”.
وتیشی، “ئەوەش تائێستا دەنگۆیە و ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە هەریەک لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و موسڵ و ئەنبار، سیستمی دەرکردنی کارتی خۆراکیان لەسەر راگیراوەو بەبێ رەچاوکردنی دۆخی هاوڵاتی و دانیشووانی ئەو ناوچانە”.
لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاقەوە، بۆ یەکەم جارە لە قەزاکەدا، بۆ ماوەی چوار ساڵ کارتی خۆراک بەو شێوەیە رابگیرێت، دەمی هەرکەس و ھاوڵاتییەک دەکەیتەوە، داواکارە تا زووە کێشەکەیان چارەسەر بکرێت و دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ وەرگرتنی کارتی خۆراک بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا