75 مریشک و قاز و مراوى مردار کردەوە

لە گوندێکى پشدەر سەگى بێلانە کارەساتى نایەوە

964+

محەمەد عەلی ــ  پشدەر

لە گوندی سندۆڵانى قەزایی پشدەر، درەنگانی شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى دوو سەگی بێلانە فرسەتیان هێناوە و چوونەتە ناو حەوشەى خانوویەکەوە کە مریشک و مراوى و قازى تێدا بەخێو دەکرا، ئەوەى خواردویانە خواردویانە و ئەوانى دیکەیان مردار کردووەتەوە و 75 دانەیان کەل و پارچە کردووە.

عەبدوڵا سندۆڵانی، خاوەنی مریشکەکان قسەی بۆ 964 کرد و وتى،”لەگوندی سندۆڵان باخم هەیە، لەوێ خانویەکم کردووە بۆ راگرتنی پەلەوەر، هەمویم سیاج کردووە، بەیانی کەچوم خوردنیان پێ بدەم، جیاواز لە رۆژانی دیکە هیچ دەنگی قیرەیان نەدەهات، کەدەرگام کردەوە سەگێکیان رایکردو دواتر دانەیەکی تریشی لەگەڵ بوو، کەچومە ژورێ بینیم هەموو پەلەوەرەکانیان خنکاندبو”.

رونیشی کردەوە، ئەم دوو سەگانە بێلانەن ژێر سیاجی خانوەکەیان هەڵکۆڵیوەو درەنگانی شەو چونەتە ژورەوە و تەنیا 13 مریشکیان سەلامەت بوون، چوار مراویش بریندار بوون و سەرم بڕین، ئەگەرنا زیاتر لە 75 مریشک و قازو مراوییان خنکاندبوو.

بەقسەی عەبدوڵا سندۆڵانی بێت، ئەمە جاری یەکەمیان نییە، لە رابردوو جارێکی تریش سەگى بێلانە 150 دانە لە مریشک و قاز و قەل و مراوی دراوسێکەیانى ئاوا خنکادووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە گوندێکی پشدەر چەقەڵ داوێتی بەسەر مریشکی هاوڵاتیاند...

لە گوندێکی پشدەر چەقەڵ داوێتی بەسەر مریشکی هاوڵاتیاندا