"ئاژەڵ و کەو 70% زیادیکردووە"

گوندنشینانی پشدەر ناوچەکەیان لە راوچیان دەپارێزن

964+

محەمەد عەلى- راپەڕین

دانیشتوانی گوندی بێگەڵاس لە پشدەر نزیکی چوار ساڵە، خۆیان سروشتی گوندەکەیان هاوشانی پۆلیسی دارستان دەپارێزن، کە راوچیەک ببینن لە سنورەکە  کەلوپەلەکەی لێ وەردەگرن و پۆلیسی دارستانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، پۆلیسی ژینگەی پشدەریش دەڵێت، “70%ــی ئاژەڵی کێوی و باڵندە زیادی کردووە لەم ماوەیەدا”.

محەمەد ڕۆستەم، هاوڵاتییەکی گوندی بێگەڵاسەو بە 964ـی وت، “چوار ساڵ لەمەوبەر بەدەگمەن باڵندەی کێوی و ئاژەڵ بوونی هەبوو‌، بەهۆی ئەوەی راوچیەکی زۆر رووی لە گوندەکەمان دەکرد، ئێمەش وەک خزمانی گوندی بێگەڵاس، بڕیارماندا خۆمان چاودێری سروشتی گوندەکەمان بکەین، هەر راوچیەک ببینین کەلوپەلەکەمان لێ وەرگرتووە و پۆلیسی دارستانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە”.

بە وتەی ئەو هاوڵاتیە، ئێستا باڵندە و ئاژەلی کێوی زۆر لە گوندەکە دەبینرێن و دەنگی قاسپەی کەو بەبەردەوامی دەبیسترێت، لەگەڵیدا دارستانەکەشیان پاراستووە و پۆلیسی دارستانیش هاوکاریانە.

جەبار ئادەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر بە 964ـی وت،“ گوندی بێگەڵاس وەک یەکەم گوند بوون چوار ساڵ لەمەوبەر بڕیاری پاراستنی ژینگەی ناوچەکەی خۆیاندا، بەبەردەوامی چاودێری نزاری ناوچەکەیانن، بەردەوام هەماهەنگیان لەگەڵ ئێمە هەیە و کە راوچیەک ببینن پەیوەندیمان پێوەدەکەن لەکۆیی ئەم چوارساڵەدا لەو گوندە 30 دۆسیەیی جۆراو جۆر هەیە و ئیجرائاتیان لەگەڵ کراوە، بۆیە لە %70ـی سروشتەکەیان بە ئاژەڵ و باڵندەو دارستانەوە بوژاوەتەوەو زیادی کردووە”.

بەقسەی جەبار ئادەم بێت، دوای ئەو بەڵێنە جوانەی گوندی بێگەڵاس زیاتر لە 10 گوندی  تر بڕیاریاندا کە سروشتی گوندەکەیان بپارێزن.

“لەسێ چالاکیماندا نزیکی 150 کەومان لەو سنورەدا ئازاد کردون لەبەر ئەوەی ئاگادارین کە شوێنەکەیان ئارامە، هیوادارین گوندەکانی تریش ئاوا لەخەم ژینگەی ناوچەکەیان بن و بیپارێزن”، جەبار ئادەم وای وت.

قەزای پشدەر لەپێنج ناحیە و 263 گوند پێکهاتووە، دانیشتوانەکەی بەکاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریکن.

پێداچوونەوە: هاوبەش

له‌ سنوورى پشده‌ر دارستانێكی نوێ به‌ رووبه‌رى 25 دۆنم...

له‌ سنوورى پشده‌ر دارستانێكی نوێ به‌ رووبه‌رى 25 دۆنم دروستده‌كرێت