ساڵانێکە بە خۆبەخشى دەوام دەکەن
خۆبەخشانى تەندروستى گەرمیان گردبوونەوە و داواى دامەزراندن دەکەن
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
کارمەندانی خۆبەخش لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن.
رەیان ئومێد، کارمەندێکی خۆبەخشە بە 964ـى وت،”چەندین ساڵە لە سنووری گەرمیان ھیچ دامەزراندنێک بۆ کەرتی تەندروستی نەبووە، لەکاتێکدا لە شارەکانیتر دامەزراندن ھەبووە، بۆیە داوا دەکەین ئێمەش دابمەزرێین”.
ئەوان کە وەک خۆیان دەڵێن لە سەردەمى کۆرۆنا و کۆلێرا ژیانى خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و بە خۆبەخشى کاریان کردووە، بۆ ئەوە بووە دابمەزرێندرێن و مافى خۆیان وەربگرن.
هەروەک محەمەد سیروان، نوێنەری کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی گەرمیان بە 964ـى وت،”لە ساڵی 2014ـەوە، لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیەکانی گەرمیان بە خۆبەخشانە دەوام دەکەین”
بەپێى ئامارەکانى تەندروستى گەرمیان، زیاتر لە 300 خۆبەخشى تەندروستى لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی گەرمیان، کار دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح