دوایین زانیارییەکان چین؟
حەوت کاتژمێرە ئاگرەکەی سلێمانی کۆنتڕۆڵ نەکراوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
زیاتر لە حەوت کاتژمێرە ئاگر لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
کاتژمێر 4:48 خولەکی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 14.10.2024 بەهۆی ئیزۆگام کردنی سەربانی کۆگایەک لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی ئاگر کەوتەوە و دواتر تەشەندی سەند و تا ئێستا چوار کۆگا سووتان.
بەهۆی ئاگرەکەوە پێنج کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و هاوڵاتییەکیش لە کاتی هێنادەرەوەی کەلوپەلی یەکێک لە کۆگاکان کەوتووتەوە خوارەوە و بریندار بووە، هاوکات کارمەندێکی بەرگری شارستانی سلێمانیش بە سووکی بریندار بووە.
تا ئێستا زیانەکان بە وردی نەزانراوە بەڵام مەزندە دەکرێت، زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار زیانی ماددی بە کۆگاکان کەوتبێت.
هەرچەندە سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئاگرکوژێنەوەی سلێمانی و عەرەبەت و فڕۆكەخانەش سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام هێشتا بڵێسە دەکات و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری