دهۆك و دهوروبهری خۆیان له كۆرۆنا دهپارێزن
964+
زەید کۆچەر – دهۆك
ڤاکسینی چالاککەری جۆری ڤایزەری دژه كۆرۆنا، لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک بە هاوڵاتیان دەدرێت و ههندێك له هاوڵاتیانی چهند قهزایهكیش وهریانگرتووه.
ئەم جۆرە ڤاکسینە هەمان شێوازی ڤاکسینی پێشترە، بۆ ئەم کەسانە بەکاردەهێنرێت کە پێشتر دوو ژەمە ڤاکسینی جۆری ڤایزهریان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە، ئەم ڤاکسینەش بە ژەمی سێیەم دانانرێ، كه چالاککەرە بۆ هەردوو ڤاکسینەکەی پێشتر لە نێو جەستەی مرۆڤدا.
دلێر ئەنوەر بەرپرسی یەکەی خۆپاراستن لە قهزای بەردەڕەش بە964ی وت، “ڤاکسینێکمان لە جۆری ڤایزەری چالاککەر پێگەیشتووە و ژمارەیەکی دیاریی کراوە، داوا لە هاوڵاتیانی قەزای بەردەرەش دەکەین، ئەوەی کە دوو ژەمە ڤاکسینی پێشووی وەرگرتووە، ئەم ژەمەش وەربگرن، بۆ ئەوەی ڤاکسینەکەی پێشتر چالاک ببیت لە جەستەیان و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبن”.
وتیشی، ئەم ژەمە ڤاکسینە دەدرێت بەو کەسانەی کە تەمەنیان لە 12 ساڵ زیاترە و نابێت نابێت لە خوار ئەو تەمەنەوە وەریبگرن.
حەمزە رەزیکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، هێشتا لە سەنتەری دهۆک دەستمان بە پێدانی ئەو ژەمە ڤاکسینە نەکردووە، لە رۆژانی داهاتوو دەستی پێدەکەین، ڤاکسینەکەش بۆ ئەو کەسانەیە شەش مانگی تێپەراندبێ بەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی پێشوو، کە کاری چالاکردنی دوو ژەمەکەی دیكهیە.
لە سەرەتای بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە تا ئێستا، لە پارێزگای دهۆک یەک ملیۆن و 636 هەزار و 65 پشکنینی کۆرۆنا کراوه، لە کۆی ئەو ژمارەیە 156 هەزار و 223 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 154 هەزار و 369 کەسیش چاکبوونەتەوە، ژمارهی مردووانیش لە پارێزگاکە هەزار و 852 کەسە.