لەسەر دروستکردنى خانووى زێدەڕۆ
لەماوەى سێ رۆژدا شەش کەس لە گوندێکى پێنجوێن دەستگیرکراون
964+
وریا فەتاح
تەنیا لە ماوەى سێ رۆژدا شەش کەس لە گوندى راوگانى سنوورى قەزاى پێنجوێن لەسەر دروستکردنى خانووى زێدەڕۆ دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13.10.2024، پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، لە سنوری گوندی راوگانی قەزای پێنجوێن هاووڵاتیەك بە تۆمەتی زێدەڕۆیى لەلایەن مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێنەوە دەستگیر کرا کە هەستابوو بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی گشتی .
هاوکات دوێنێ پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە کە رۆژى 10.10.2024، لە سنووری گوندی راوگان، لەلایەن مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن بە فەرمانی دادوەر پێنج هاووڵاتی بە تۆمەتی زێدەڕۆیى کردن دەستگیر کران.
جگە لە دەستگیرکردنى ئەو کەسانە، دوو حەفارە و سێ بارهەڵگریش دەستیان بەسەرداگیراوە.
بەمەش لەماوەى سێ رۆژدا شەش کەس لەو گوندە لەسەر زێدەڕۆیى دەستگیرکراون.
هەر بەپێى بڵاوکراوەکانى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى، لە 10 رۆژى یەکەمى ئەم مانگەدا، نۆ کەس لەسەر زێدەڕۆیى کردن و لێدانى بیر، دەستگیرکراون و بەمەى ئەمڕۆشەوە لە 13 رۆژدا دەستگیرکراوەکان ژمارەیان بووە بە 10 کەس.