چەند داواکارییەکیان هەیە
دانیشتوانی گوندی چیاسورخ لەبەردەم کێڵگەی نەوتی گوندەکەیان گردبوونەتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەشێک لە دانیشتوانی گوندی چیاسورخ لە ناحیەی قۆرەتوو سەر بە ئیدارەی گەرمیان، جارێکیتر لەبەردەم کێڵگەی نەوتی گوندەکە گردبوونەتەوە و چادریان ھەڵداوە.
بەھۆی تێکەڵبوونی ئاو بە بیرە نەوتەکانی کێڵگەکە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ راوەستاوە.
محەمەد ساڵح گەنجێکی دانیشتوی گوندی چیاسورخە بە 964ـی وت، “بەشێک لە گەنجانی گوندەکە لەو کێڵگەیە کارمان دەکرد، بەڵام بە بیانوی داخستنی کێڵگەکە گەنجانی گوندەکەیان لەسەرەتای ئەمساڵەوە ناردەوە بۆ ماڵ”.
لە مانگی 7ی ئەمساڵ، دانیشتوانی گوندەکە لەبەردەم کێڵگەی نەوتی گوندەکە چادریان ھەڵدا، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بۆسەر کارەکانیان.
“دوو رۆژی دوای گردبوونەوەی دانیشتوانی گوندەکە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاریدا کێڵگەکە بەیەکجاری دابخرێت، بەڵام تا ئێستا دانەخراوە و ئەوکەسانەی مابوون لە کۆمپانیاکە تا ئێستا بەردەوامن و مانگانە مووچەکانیان وەردەگرن”،محەمەد ساڵح وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”ئەمجارەیان کۆتایی بە گردبوونەوەکەمان ناھێنین تا ئەوکاتەی داواکاریەکەمان جێبەجێدەکرێت یان گەنجانی گوندەکەش وەرگرنەوە یاخود بەتەواوی کێڵگەکە چۆڵ بکرێت”.
سەردار محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو بە 964ـێ وت، “لە 25.7.2024 وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاگاداریان کردینەوە کێڵگەکە بەیەکجاری دابخرێت و رادەستی پۆلیسی نەوت و گاز بکرێت، فەرمانی ئەمنی بۆ دەرچووە بەڵام تائێستا نەگەیشتووە بەدەست ئێمە”.
“کێڵگەکە ھیچ بەرھەمھێنانێکی نییە، قسە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکەین یان بەتەواوی کێڵگەکە دابخرێت، یاخود ئەو گەنجانە بخرێنەوە سەر کارەکانی خۆیان”،سەردار محەمەد وای وت.
کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکی، بەرھەمھێنانی لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ دەکرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەرھەمھێنان لە کێڵگەکە راوەستاوە، بەرھەمی رۆژانەی پێش ڕاگیرانی 1500_2000 بەرمیل بوو، لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەکاردەھاتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی