خەریکە جوتیاران رەنج بەخەسار دەبن
سێوى دەڤەرى دۆسکى تووشى نەخۆشى بوون
964+
هیڤی دێوالی -دهۆک
پایزێکى نەهاتە بۆ جوتیاران دەڤەرى دۆسکى، ئەوەش بەهۆى نەخۆشکەوتنى بەرهەمى باخە سێوەکانیان، وەک جوتیارانیش باسى دەکەن، خەریکە رەنجیان بە خەسار دەچێت.
دەڤەرى دۆسکییان هاوشێوەى دەڤەرى بەروارى باڵا، ئەمساڵ بۆ بەرهەمى سێو نەهات بوو، هەموو ئەو سێوە زەردانەى بە جۆرى لوبنانى ناسراون، تووشى نەخۆشى بوون.
مەهدی بانکی، جوتیارێکی دەڤەرەکەیە و بە 964ـی وت،” زۆربەى زۆرى سێوەکان نەخۆشکەوتوون و بەربوونەتەوە سەرزەوى و کەڵکى خواردنیان نەماوە”.
هەرچەندە وەک باسى دەکات، دوو جار قڕکەریان بەکارهێناوە، بەڵام بێسوود بووە و سێوە زەردەکانى لە کاتى پێگەیشتندا تووشى نەخۆشى بوون.
“بەشى ناوەوەى سێوەکان کرم لێى دەدات وەک دەڵێن کرمێ دەبێت و سێوەکە بەرەو پوکانەوە دەبات و لە کەڵکى دەخات”، ئەو جوتیارە واى وت.
مەهدى بانکى جوتیار رۆژانە نزیکەى 60 سندوق سێو بۆ عەلوەى دهۆک دەبات، وەک باسى دەکات، دوێنێ 60 سندوقى 10 کیلۆگرانى بە 60 هەزار دینار فرۆشتووەکە کیلۆى دەکاتە 600 دینار و هەندێ رۆژ بە 300 بۆ 350 دینار دەیفرۆشێت.
روونیشى کردەوە، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتى کشتووکاڵ قڕکەرى کوالێتى باشى دابین نەکردووە و ئەوانیش وەک جوتیاران بەهۆى بەرزى نرخەکەى ناتوانن کوالێتییە باشەکە بکڕن.
گوندى کانى بەلاڤە دەکەوێتە ناحیەى بامەڕنێى سەر بە قەزاى ئامێدى، یەکێکە لە گوندەکانى دەڤەرى دۆسکییان، زۆربەى جوتیارەکانیان سەرقاڵى بەرهەمى سێون بە هەردوو جۆرى (زەرد و سور)،
پێداچوونەوە: وریا فەتاح