"چوار ئەندازیار کاریان تیداکردووە"

ئایا دیزاینی بەرزەپردی کانی سپیکە سەقەتە؟

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

ئەمڕۆ فلای ئۆڤەر یاخود بەرزەپردی کانی سپیکە لە نزیک بازگەی سەیدسادق کرایەوە، بەڵام بە گوێرەی سۆراغێکی 964، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان پێیان وایە، دیزاینی پردەکە سەقەتە و لەبەر ئەو هۆکارەش درەنگ کراوەتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کردنەوەی پردەکەش، بەشێکی زۆری دیکەی هاوڵاتیان لە کۆمێنتی سۆشیال میدیاکان باسیان لەوەکردبوو کە دیزانی پردەکە سەقەتە و بۆ بارهەڵگر نابێت، بەڵام بەڕێوەبەری پڕۆژەکە رەتی دەکاتەوە.

لەو بارەیەوە، محەمەد ئەرستۆ ئەندازیار و بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار بە 964ی راگەیاند، بۆ هەر پڕۆژەیەک زیاتر لە چوار ئەندازیار پێکەوە دیزاین دەکەن و دواتریش بە واژۆی 15 ئەندازیاری تایبەت پڕۆژەکە قبوڵ دەکرێت و پاشان، دەنێردرێتە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و لەوێش جارێکی دیکە قبوڵی دیزاینەکە دەکرێت و لە هیچ قۆناغێکیدا پڕۆژەکە رەت نەکراوەتەوە.

“دیزانی پڕۆژەکە زۆر گونجاو و بێ کێشەیە و هیچ سەقەتیەکی تێدا نییە و بە گوێرەی ناوچەی ئیشکردن ئەو دیزاینەی بۆ کراوە و وەزیری ئاوەدانکرنەوە و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پڕۆژەکەیان بینیوە” محەمەد ئەرستۆ وای وت.

ئەوەشی خستەروو، جادەی خوار پردەکە دوو سایدە و ئەگەر بێت و دیزاینی دیکەیان هەڵبژاردایە، پایەکان دەکەوتە ناو جادەکان کە ئەوەش نابێت.

لەبارەی درەنگ کردنەوەی پردەکەوە، کە بەشێکی هاوڵاتیان پێیان وابوو بەهۆی دیزاینەکەیەوە رەت کراوەتەوە و ناکرێتەوە، محەمەد ئەرستۆ وتی، چەند هۆکارێک هەبوون بۆ دواکەوتنی کردنەوەی پردەکە کە نەبوونی بودجە بە هۆکاری یەکەم و بوونی هێڵی کارەبا لەسەر پڕۆژەکە، بوەتە هۆی دواکەوتنی کردنەوەی پڕۆژەکە بەڵام هیچ کات بەهۆی دیزاینەوە نەبووە.

باسی لەوەشکرد، ئەکرا پڕۆژەکە فراوانتر بکرێت، بەڵام بە چونە ناو زەوی خەڵک دەکرا و خاوەن زەوییەکانیش قبوڵیان نەبووە و یاخود دەبوو سەرقاڵی کاری دادگا  و قەرەبووکردنەوە بونایە.

محەمەد ئەرستۆ باسی لەوەش کرد، جادەی پردەکە 9.20 مەتر پانە و ئەو پێچەشی تێی دەکەوێت 18 مەتر پانیەتی و کە بە ئاسانی بارهەڵگری گەورە کۆنتڕۆڵی دەکات و خێرایی دیاریکراویش تێیدا بە 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاری کراوە.

وتیشی، پردەکە دوو چین کۆنکرێتی تێکراوە بۆ ئەوەی بەهێزبێت و خۆڕاگر بێت لەسەر هاتوچۆی بەردەوامی بارهەڵگر و لە چەند ساڵی ئایندەشدا گرفتی بۆ دروست نەبێت، چونکە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەکات.

پانی پردەکە 10مەتر و درێژییەکەی 250 مەترە، شۆفێر 120 مەتر لەسەر جادەی قیر دەڕوات تا دەگات بە پردەکە، بچووکیی پردەکە و دیزاینی جیاوازترە لەو پردە ئۆڤەر فڵایانەی کە لە بەدیلی یوتێرن دروست دەکرێن.

دوێنێش ئالان وەیس سەرپەرشتیاری پرۆژەی پردی کانی سپیکە، لە ئاوەدانکردنەوە و رێگه‌وبانی سلێمانی بە 964ی وت، “پردەکە لە قۆناغی یەکەمدا یەک ملیار و 200 ملیۆن دیناری تێچووە، ئەو بڕەش لە کۆی ماوەی تێچووی پردی پرۆژەی پردی شانەدەر بووە”، بەڵام بەپێی دوا داتای ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبانی سلێمانی کە بڵاوی کردووەتەوە، لە قۆناغی دووەمدا 100 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە زیاد کراوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش