لە بەغدا
باندێكی نێودەوڵەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەستگیر كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە مرۆڤی راگەیاند، کە منداڵێکی ساوای تەمەن 4 رۆژەیان هێناوەتە بەغدا.
دەزگاكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.10.2024 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایان كرد، بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە دروستەکان و هەوڵێکی تەکنیکی گەورە، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی دادوەر، توانیان باندێکی نێودەوڵەتی دەستگیر بکەن، کە پێکهاتبوون لە پیاوێک و ژنێکی خاوەن رەگەزنامەی بیانی.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، “باندەکە توانیویانە منداڵێکی تەمەن 4 رۆژە بهێننە بەغدا، بە مەبەستی فرۆشتنی بە کەسێک دوای رێککەوتنێکی پێشوەختە بەرامبەر بە 40 هەزار دۆلار، بەڵام پێش ئەوەی مەفرەزەکانمان توانیان دەستگیریان بکەن، منداڵەکەشیان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان كرد.
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەوەشی باس كردووە، “باندەکە دانیان بەوەدا ناوە کە پێشتر منداڵێکی تەمەن 14 رۆژەیان بە ژنێکی نەزۆک فرۆشتووە”.
لەکاتی بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ دەستگیرکران
دەزگاكە هەروەها ئاشكرای كرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، مەفرەزەکانیان توانیان تۆمەتبارێکی دیکەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە بەغدای پایتەخت بگرن، كە سێ منداڵی پێبووە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیی منداڵەكانی پێبێت، بۆیە تۆمەتبارەكان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کران، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.