بایەکە ئیشی خۆی کرد
هەواکەی ئەمڕۆی هەولێر لە کەلار پاکتر بوو
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو با بەهێزەی بە شەپۆلی جیاواز ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ئاسمانی زۆرینەی شارەکانی پاککردووەتەوە، بەڕادەیەک هەوای هەولێر کە ماوەی رابردوو لە هێڵی مەترسیدا بوو، ئێستا لە ناوچەیەکی وەک کەلار پاکترە.
بەڵام، دهۆک لە هەموویان شارەکانی هەرێمی کوردستان پاکتر بووە.
لە نێوان 0 مایکرۆ بۆ 500 مایکرۆمەتر بڕیار لە رادەی مەترسی هەوای شارەکان دەدرێ، بە قسەی پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بۆ 964، ئەمڕۆ دهۆک هەواکەی لە باشترین دۆخیدا بووە، کە رادەی ناوەند بووە بە 58 مایکرۆمەتر، لە بەرانبەردا هەوای کەلار ناتەندروست بووە بە 168 مایکرۆمەتر.
لە 0 مایکرۆمەتر بۆ 50 مایکرۆمەتر بە رێژەی باش، لە 50 مایکرۆمەتر بۆ 100 مایکرۆمەتر بە ناوەند، لە 100 مایکرۆمەتر بۆ 150 مایکرۆمەتر بە ناتەندروست بۆ گرووپە هەستیارەکان، لە 150 مایکرۆمەتر بۆ 200 مایکرۆمەتر ناتەندروست، لە 200 مایکرۆمەتر بۆ 300 مایکرۆمەتر زۆر ناتەندروست و لە مایکرۆمەتری 300 بۆ 500 بە مەترسیدار هەژمار دەکرێ.
لە رۆژی 28.9.2024 بەدواوە و ناوبەناو، بایەکی بەهێز و مامناوەند چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و تایبەت سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکەی بە لاوازی لە ئاسمانی هەندێک ناوچە ماوە.
شوێن و بەرزترین حاڵەتی کوالێتی هەوا؛ ئەمڕۆ دووشەممە 7.10.2024
هەولێر 115 مایکرۆمەتر
سلێمانی 68 مایکرۆمەتر
هەڵەبجە 69 مایکرۆمەتر
کەلار 168 مایکرۆمەتر
ڕاپەرین 68 مایکرۆمەتر
سۆران 68 مایکرۆمەتر
دهۆک 58 مایکرۆمەتر