"چیتر منداڵانى باتاس ناچن بۆ هەریر"

کردنەوەی باخچیەکی ساوایان لە باتاس کێشەیەکی کۆمەڵایەتی چارەسەر کرد

+964

ئاکام غەفور-سۆران

چیتر منداڵانى باتاس ناچنە هەریر، کردنەوەى باخچەیەکى ساوایان کە لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکرابووە، 225 هەزار دینار کرێى هاتوچۆ بۆ هەر منداڵێک دەگەڕێنێتەوە، جگە لەوە دەبێتە چارەسەرى کێشەیەکى کۆمەڵایەتیش.

بیرۆکەکە بەم جۆرە بووە، خێرخوازێک ویستویەتی کاری خێر لە باتاس بکات، بۆیە رێكخراوى هەریر و باتاس بۆ هاوکاری مرۆیی پێشنیاری دروستکردنی باخچەی ساوایانی بۆ دەکەن، خێرخوازەکەش خانویەک دەکڕێت کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی چۆڵکرا بوو و بەهۆى کێشەکەوە کڕین و فرۆشتنى قەدەغەکرابوو.

حاجی یونس جحێل سورچی، خێرخوازەکەیە و قسەی بۆ 964 کردوە و دەڵێت،”لە باتاس باخچەی ساوایان نەبوو، بیرم لەوە کردەوە کە کارێکی خێر بکەم بۆ باوکم، باخچەی ساوایانمان دروست کرد و دڵخۆشم بە کارەکە”.

لاى خۆیەوە، مامۆستا غازی ئەحمەد، سەرۆکی رێکخراوی هەریر و باتاس بۆ کاری خێرخوازی، کە سەرپەرشتی کارەکەیان کردوە ، بە 964ـی وت،”زیاتر لە 100 منداڵ لە باتاس دەچونە هەریر بۆ باخچەی ساوایان، کە کرێی هاتوچۆی هەر منداڵێک ساڵانە 250 هەزار دینار بوو، بە کۆی گشتی ساڵانە خه‌رجییه‌كه‌یان 22 ملیۆن و 500 هه‌زار دینارا بوو، بەڵام بە کردنەوەی ئەو باخچەیە ئەو خەرجییە لەسەر شانى خێزانەکان نەماوە”.

مامۆستا غازى ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌ر به‌هۆى كڕینى ئه‌م خانووه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ باتاس چاره‌سه‌ركراوه‌، ئه‌ویش ئه‌م خانوه‌ى كڕیویه‌تى له‌گه‌ڵ چوار خانووى دیكه‌ به‌هۆى كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ ژنێك كوژرابوو، حجزیان خرابووه‌ سه‌ر، به‌ڵام كه‌ ئه‌و خانوه‌ كڕا، چوار خانوه‌كه‌ى دیكه‌ش بۆ خاوه‌نه‌كانیان گه‌ڕایه‌وه‌ و خێزانه‌كان ئاشته‌واییان كرد.

پێشتر، باتاس كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا نزیكه‌ى سێ هه‌زار خێزانى لێده‌ژیت و وه‌كو گه‌ڕه‌كێكی قه‌زاى هه‌ریری لێهاتووه‌.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح