دوو رۆژە شارەوانی هەولێر دەستی پێکردووە
هەر پۆستەر و ریکلامێک لەسەر سەوزایی دانرابێت لادەبرێت
964+
توانا نەقی
لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێکی زۆری ریکلام و پۆستەری لایەن و کاندیدەکان لە ناو چیمەن و سەوزایی جەزرەوەسەتی شەقامەکان دانراون و ئێستا دوو رۆژە شارەوانی خەریکی لابردنیانن.
دانانی ئەو فلێکس و ریکلامانە نەک تەنیا زیانی بۆ سەوزایی و ئاودانی ئەو شوێنانە هەبوو بەڵکو کێشەی بۆ بینینی شۆفێریش دروست کردووە.
کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ـی وت، ئەوە دوو رۆژە دەستیان بە لابردنی پۆستەرات و ریکلامی سەرجەم کاندید و لایەنەکان کردووە لە ناو سەوزایی ناوەڕاستی شەقامەکان و شۆستەکان.
وتیشی، بڕیارەکەیان بەشێوەیەکە کە هەموو ئەو ریکلامانەی لەناو هەر سەوازیی و چیمەنێک دانراون لای دەبەن بەڵام ئەوانەی لەسەر ئەو شۆستانەن کە سەوزایی نییە یاخود بیئاڕتۆنن و هەروەها بە عامودەوە هەڵوسراون لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.
لە شەقامی 60 مەتریەوە دەستیان پێکردووە و ئێستا بەشی زۆری پاککراوەتەوە و سەرجەم شەقامەکانی دیکەی ناو هەولێر دەگرێتەوە، سەرۆکی شارەوانی هەولێر وای وت.
لە رۆژی 25.9 بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە و تا 15.10 بەردەوام دەبێت و رۆژی 20.10.2024 هەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات.