سەندیکای کرێکاران وادەڵێت

کرێکارانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی گەرمیان پارە پاشەکەوتکراوەکەیان وەرگرتەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

کرێکارانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەھۆی پاشەکەوتکردنی موچەکانیان، مانگی 8ـی ئەمساڵ بایکۆتی خاوێنکردنەوەی نەخۆشخانەکانیان کرد، ئەم مانگە پارەکەیان بۆ گەڕێندرایەوە.

ژینگەپارێزەکان ژمارەیان 128 کەسە، مووچەی پێنج مانگیان پاشەکەوت کرابوو، بۆ ھەر مانگێک 114ھەزار دیناربوو پاشەکەوتەکە.

عەدنان محەمەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە 964ى وت، ئەوکاتیش پشتگیری داوای کرێکارەکان بووین و بایکۆتی کارکردنیان کرد لە نەخۆشخانەکان.

“دوای وەرگرتنی بەڵێن لە کۆمپانیاکە بەوەی پارەی پاشەکەوتکراوی کرێکارەکان بگەڕێنێتەوە، ئەم مانگە پارەکەی گەڕاندەوە بۆ کرێکارەکان، کە پارەی پاشەکەوتکراوی پێنج مانگ بوو، ھەر مانگێکیش 114 ھەزار دینار بووە”،عەدنان محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بیانوی کۆمپانیاکە ئەوەبوو کە حکومەت پارەکەی بە تەواوی پێنەداون و بۆیە ئەوانیش مووچەی کرێکارەکانیان پاشەکەوت کردووە، بەڵام کرێکار مافی خۆیەتی مووچەکەی لەکاتی خۆیدا وەرگرێت و ئێمەش ئەوەمان قبوڵ نەکرد تاوەکو مافەكانمان بۆیان گەڕاندەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی