زۆرى نەمابوو شەڕێکى گەورە رووبدات

عەرەبى هاوردە واز لە جوتیارانى کورد نایەنن

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك عەرەبی هاوردە هەڵیانكوتاوەتە سەر گوندی تەپە سەوز و شەڕ و ئاڵۆزی دروست بووە، بە قسەی هاوڵاتییەكی گوندەكەش، كە خاوەن زەوییە، عەرەبەكان بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیارانی کورد هاتوون، دەشڵێت ئەگەر ریشسپى و پیاوماقوڵان نەچونایەتە نێوانیان، دوور نەبوو شەڕەکە گەورە ببێت.

بەپێى لێدوانى چەند دانیشتوویەکى گوندەکە کە بۆ 964 قسەیان کردووە، بەیانى زوو ژمارەیەک عەرەبى هاوردە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندى تەپە سەوى سەر بە قەزاى دووزخورماتوو و دانیشتوانى گوندەکەش پێشیان لێدەگرن و بەهۆیەوە شەڕەبۆکس و لە نێوانیان دروست دەبێت.

شەماڵ کاکەخان دانیشتوی گوندی تەپەسەوز بە 964ـی وت، ئەو زەویانە موڵکی خۆمانن تاپۆمان هەیە سەر بە ناوچەی مادەی 140ـە، بەڵام ئەمڕۆ نزیکەى  30 کەس لە عەرەبى هاوردە هاتنە سەر گوندەکەمان و دەیانەوێت دەست بەسەر زەوییەکانماندا بگرن، بۆیە شەڕ دروست بوو، بەڵام ریشسپى و پیاوماقوڵ هاتنە نێوانمان و ئەوانیش رایان کرد.

“ئێستا عەرەبە هاوردەکان رۆیشتوون بۆ بنکەی پۆلیس سکاڵا لە دژمان تۆمار بکەن”، شەماڵ کاکەخان واى وت.

وەک باسى دەکات، ئەوە جارى یەکەم نییە، چەندین جارە شەڕ و ئاڵۆزی دروست بووە، بۆیە ئەگەر کۆتایى بەو کێشەیە نەهێنرێت بە دوورى نازانێت شەڕەکە گەورە ببێت لە نێوان دانیشتوانى گوند و عەرەبى هاوردە.

جەختیشى کردەوە، 300 خێزان لە گوندەکە نیشتەجێن، ئامادەن هەموویان لەسەر ئەو خاکە گیانى خۆیان بەخت بکەن، بەڵام دەستبەردارى زەوییەکانیان نابن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

جوتیارانى کورد لە کەرکوک بە تەنیا جێهێڵدراون

جوتیارانى کورد لە کەرکوک بە تەنیا جێهێڵدراون