بەهۆى جەنگەوە

235 پەنابەرى دیکەى لوبنانى گەیشتنە عێراق

964+

وریا فەتاح

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق هاتنى 235 پەنابەرى دیکەى لوبنانى راگەیاند.

بەپێى ئەو راگەیەنراوەى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بێت، لەسەر رێنمایى سەرۆک وەزیران بەردەوامن لە پێشوازى لە ئاوارە لوبنانییەکان و ئەمڕۆ پێشوازیان کردووە لە 235 پەنابەرى دیکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 262 لوبنانى دیکە گەیشتنە عێراق.

رۆژى 26ـى 9ـى 2024، بەهۆى گرژییەکانى نێوان لوبنان و ئیسرائیل، یەکەم خێزانی پەنابەری لوبنانی کە لە چوار کەس پێکهاتوون، گەیشتنە شارى کوت و لەلایەن محەمەد مەیاحى پارێزگارى واستەوە پێشوازییان لێکرا

.

بەپێى قسەى محەمەد مەیاحى، پارێزگارى واست کە بۆ 964 قسەى کردووە، خێزانە لوبنانییەکە لە ترسى بۆردومان هەڵاتوون و دانیشتووى یەکێک لە گەڕەکەکانى بەیرووتى پایتەختن.

وەک ئەوەى پارێزگارى واست باسى دەکات، ئەو خێزانە لوبنانییە کەسوکارى دایکیان لە شارى کوت هەیە، بۆیە یەکێک لە خزمەکانیان شوێنى نیشتەجێبونى گونجاوى بۆ دابینکردوون.

“جۆش و خرۆشێکی زۆر لە نێو خەڵکدا هەیە بۆ پێشوازیکردن لە لوبنانییە ئاوارەبووەکان و هاوکاریکردنیان، بەو پێیەی گەلانی عێراق و لوبنان بە پەیوەندییەکی نزیکی بەزەیی و خۆشەویستی بەیەکەوە گرێدراون”، پارێزگارى واست وا دەڵێت.

جەختیش دەکاتەوە، پارێزگاکەیان و خەڵکەکەیان ئامادەن پێشوازی لە لوبنانییەکان بکەن، وەک خۆى دەڵێت،”ماڵ و دڵمان بۆیان کراوەیە”.

یەکەم خێزانى پەنابەرى لوبنانى گەیشتنە عێراق

یەکەم خێزانى پەنابەرى لوبنانى گەیشتنە عێراق